25 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 28 نیسان 2020
کابول - AA
حكوومەتی ئەفغانستان رایگەیاند كە لەچوارچێوەی رێككەوتنی ئاشتی نێوان ئەمریكا و بزووتنەوەی تاڵیبان-دا، ٢٥٠ بەندكراوی دیكەی ئەندام لە بزووتنەوەكەدا، ئازاد كراون.
لەوبارەوە گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەفغانستان، جاوید فەیسەڵ لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا ئاشكرایكرد، ئەو بەندكراوانەی كە ئازادكراون ناویان لەو لیستەدا بوو كە پێشتر لەلایەن بزووتنەوەی تاڵیبانەوە رادەستی حكوومەت كرابوو.
جاوید فەیسەڵ ئاماژەی بەوەشكرد، بەمەش ژمارەی ئەو بەندكراوانەی تاڵیبان كە لەلایەن حكوومەتی ئەفغانستانەوە ئازادكراون، گەیشتووەتە ٥٥٠ كەس.
ناوبراو جەختی لەوەشكردووە، بەڵێننامە لەو بەندكراوانەی تاڵیبان كە ئازادكراون وەرگیراوە لەوەی جارێكی دیكە چەك هەڵنەگرن و نەگەڕێنەوە ناو ریزی بزووتنەوەكە.
پێشتر حكوومەتی ئەفغانستان رایگەیاندبوو كە ٣٠٠ بەندكراوی تاڵیبان ئازادكراون.
لە ٢٩ی شوباتی رابردوودا، دوای نزیكەی دوو ساڵ لە كۆبوونەوە و دانوستان، دواجار ئەمریكا و بزووتنەوەی تاڵیبان لە دۆحەی پایتەختی قەتەر رێككەوتنی "هێنانی ئاشتی بۆ ئەفغانستان"یان واژوو كردبوو.
بەپێی ئەم رێككەوتنە كە ئامانجی كۆتاییهێنانە بە ١٩ ساڵەی شەڕی ناوخۆی ئەفغانستان، ئەمریكا لەمیانی ١٣٥ رۆژدا ژمارەی سەربازەكانی لەو وڵاتە بۆ هەشت هەزارو ٦٠٠ سەرباز كەم دەكاتەوە، ئەگەر تاڵیبان پابەندبێت بە رێككەوتنەكە و دانوستانی ئاشتی لەگەڵ حكوومەتی كابول-دا ساز بكات، ئەوا ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لەمیانی ١٤ مانگدا تەواوی هێزەكانیان لە ئەفغانستان دەكێشێنەوە.
هاوكات بەپێی خاڵێكی رێككەوتنەكە لەمیانی ئەم مانگەدا، نزیكەی پێنج هەزار لە بەندكراوەكانی بزووتنەوەی تاڵیبان ئازاد دەكرێن و لە بەرامبەردا، نزیكەی هەزار بەندكراوی حكوومەتی ئەفغانستان لەلایەن بزووتنەوەكەوە ئازاد دەكرێن.