Sarmand Hameed
15 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 16 ئەیلوول 2022
نیویۆرک - AA
سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس رایگەیاند، سێ ئاڵنگاریی سەرەکی هەن کە رێگرن لە بەرەپێشچوونی دۆسیەی لیبیادا.
ئەنتۆنیۆ گوتیرێس لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لە بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک ئەنجامی دا، رایگهیاند: "زۆر گرنگە ئاشتی لە نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوای لیبیادا دەستەبەر ببێت، توندوتیژییەکان بوەستێنرێت و پەلە بکرێت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان کە هەمووان ئەنجامەکانیان قبوڵ بێت".
بە جەختکردنەوە لە پێویستی پاراستی ئاسایش و ئارامی لە لیبیادا، گوتیرێس رایگهیاند: "ئهمه به واتای پاراستنی ئاشتی له نێوان رۆژههڵات و رۆژئاوای لیبیا و تهرابلوسی پایتهخت دێت".
لە مانگی ئازاری رابردووەوە دوو حكومەت لە لیبیا لە ململانێدان کە یەكەمیان لەلایەن فەتحی باشاغا سەرۆکایەتی دەکرێت و لهلایهن پەرلەمان راسپێردراوە، ئەوی دیكەشیان لەلایەن عەبدولحەمید دوبەیبەوە سەرۆكایەتی دەكرێت كە رەتیدەكاتەوە دەسەڵات رادەست بكات تەنها بە حكوومەتێک نەبێت كە لەلایەن پەرلەمانێكی نوێی هەڵبژێردراوەوە رابسپێردرێت.
سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بە ئاماژەدان بە پێویستی وەستاندنی شەڕ و پێکدادانەکان لە لیبیا رایگەیاند، "پێویستمان بە وەستاندنی بەپەلەی پێکدادانەکان هەیە تاوەکو بگەینە رێککەوتن لە نێوان ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی باڵای دەوڵەت لەپێناو رەخساندنی دەرفەت بۆ هەموارکردنەوەی یاسایی پێویست بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان".
ئهنتۆنیۆ گوتیرێس گوتیشی: "ئهمه پرسێكی زۆر گرنگه چونكه پەیوەندیدارە به شهرعییهتییهوه".
لە درێژەی قسەکانیدا گوتیرێس ئاماژەی بەوە کرد کە ئاڵنگاریی سێیەم لە بەردەم بەرەپێشچوونی دۆسیەی لیبیادا بریتییە لە پشتیوانیکردنی سەرجەم لایەنە دەرەکییەکانی بەشدار لە ململانێکاندا لە پێناو یەکلاکردنەوەی پرسەکەدا تاوەکو هەڵبژاردنێک ئەنجام بدرێت کە هەمووان ئەنجامەکانیان قبوڵ بێت.
لیبیاییەکان ئومێدیان وایە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان ببێتە هۆی گواستنەوەی ئاشیانەی دەسەڵات و کۆتاییهێنان بەو ململانێ چەکدارییەی کە ساڵانێکە وڵاتەکەیان بەدەستییەوە دەناڵێنێت.