ریکیاڤیک
موسڵمانانی ئایسلەندا ئەو وڵاتەی درێژترین ماوەی رۆژووگرتنی تێدایە، بەهۆی ئەوەی خۆر وەك ئەوە وایە هەر ئاوا نەبێت، دابەش بوون بەسەر دوو كاتی رۆژووگرتنی جیاوازدا.
ریكیاڤیك كە نزیكترین پایتەختی ئەورووپایە لە جەمسەرەوە، ئەو بۆچوونە جیاوازەی لەنێو مزگەوتەكانی ئەو وڵاتەدا سەبارەت بە كاتەكانی بەربانگ و پارشێو هەیە رەنگی لەسەر كاتەكانی ئیمساكی موسڵمانان داوەتەوە.
ئەو موسڵمانانەی بەپێی كاتی ئیمساكی مزگەوتی ئەلنور رۆژوو دەگرن كە كۆمەڵگەی توركی لەو وڵاتە بەشێكیانن، ١٨ كاژێر بەرۆژوو دەبن و زۆرینەی دانیشتوانی موسڵمان و لەنێو ئەوانیشدا عەرەبەكان كە بەپێی كاتەكانی ئیمساكی ناوەندی كولتووری ئیسلامی رۆژوو دەگرن، دوای ٢٢ كاژێر بەربانگ دەكەنەوە.
یەكێك لە پێشنوێژەكانی مزگەوتی ئەلنور ئیسماعیل مالیك كە وەڵامی پرسیارەكانی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی دایەوە ئاماژەی بەوەكرد ماوەی سێ ساڵە رەمەزان لە ریكیاڤیك بە ئەنجامدانی ئیمامەت بەسەردەبات و كاتێك ئەم جیاوازییەی بینیوە زۆر تووشی سەرسووڕمان بووە.
مالیك سەرنجی بۆ ئەوە راكێشا كە لە ئایسلاند ٢٢ كاژێر رووناكی خۆر هەیە و گوتی: "ئێمە لەم مزگەوتە بەگوێی فتواكەی ئەنجوومەنی ئەورووپا دەكەین و بازنەی پانی ٤٥ی باكوور لەبەرچاو دەگرین و بەپێی ئەوە رۆژوو دەگرین. جگە لەمەش فەتوای ئەزهەر هەیە، ئەویش پێی وایە ماوەی رۆژوو گرتن دەكرێت كورت بكرێتەوە و هیچ ناچارییەك نییە بۆ گرتنی ٢٢ كاژێر رۆژوو، چونكە گرتنی رۆژووی 22 كاژێری شتێك نییە لە واقعدا جێبەجێ بكرێت".
مالیك نەیشاردەوە ئەوان پێش ئەوەی خۆر ئاوا بێت و لە كاژێر ٩ی شەودا رۆژوو دەشكێنن و گوتی: "لەوانەیە یەكەم مزگەوت بین كە پێش ئەوەی خۆر ئاوا بێت رۆژوو بشكێنین و هێشتا خۆر ئاوا نەبووە كە دەست بە نوێژ و تەراویح دەكەین".