09 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 09 نیسان 2020
بەرلین- AA
رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی لە راپۆرتێکدا ئەوەی پشتڕاستکردووەتەوە کە رژێمی ئەسەد لە ٢٤-٢٧ی ئاداری ٢٠١٧ لە پارێزگای حەما، گازی کلۆر و سارین-ی بەکارهێناوە.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، هێیکۆ ماس لەبارەی ئەو راپۆرتەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا نووسیویەتی "بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لە راپۆرتەکە دەکەین. ئەم راپۆرتە هەنگاوێکی گرنگە بۆ ئاشکراکردنی ئەم تاوانە قێزەونانە. لە راپۆرتەکەدا بەڕوونی ئەوە خراوەتە روو کە ئەم پەلامارانە لەلایەن هێزە ئاسمانییەکانی سەربە سووریاوە ئەنجامدراون. سوپاسی رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی دەکەم کە لە هەلومەرجێکی زۆر سەختدا بەشێوەیەکی سەربەخۆ و پڕۆفیشناڵانە لێکۆڵینەوەیان ئەنجامداوە".
هێیکۆ ماس ئەوەشی وەبیرهێناوەتەوە کە وەک ئەڵمانیا، بەردەوام ئیدانەی پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بەکارهێنانی چەکی کیمیاییان لەلایەن رژێمی ئەسەدەوە کردووە، جەختی لەوەش کردووەتەوە کە نابێت ئەم پێشێلکارییانە بێ سزا بمێننەوە.
ناوبراو لەبارەی پێویستی دادگاییکردنی ئەنجامدەرانی ئەم تاوانەوە نووسیویەتی "ئەڵمانیا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی بەسەختی پێداگری لەسەر دادگاییکردنی ئەنجامدەرانی ئەم هێرشانە دەکات. پشتیوانی هەموو ئەو هەوڵانەش دەکەین کە ئامانجیان لێکۆڵینەوەکردن بێت لەم تاوانانە".