Zana Natık Kerem
08 کانوونی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 08 کانوونی یەکەم 2024
ھەولێر ــ AA
دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، گرووپە چەکدارە دژبەرەکانی ڕژێمی سووریا دیمەشقی پایتەختی ئەو وڵاتەیان کۆنتڕۆڵ کرد و ڕووخاندنی دەسەڵاتی ڕژێمی بەشار ئەسەد-یان ڕاگەیاند، باڵیۆزخانەی عێراق لە دیمەشق چۆڵکراوە.
ئاژانسی ھەواڵی فەرمی عێراق بڵاوی کردەوە کە دوای کۆنتڕۆکردنی شاری دیمەشقی پایتەختی سووریا لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە، باڵیۆزخانەی عێراق لە دیمەشق چۆڵکراوە.
تا ئێستا لەم بارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی عێراق هیچ ڕاگەیاندراوێکی بڵاو نەکردووەتەوە.
- پێشھاتەکانی سووریا
لە ٢٧ی تشرینی دووەمدا، شەڕ و پێکدادان لە نێوان ھێزەکانی ڕژێمی ئەسەد و گرووپەکانی دژبەری ڕژێم لە گوندەواری ڕۆژئاوای پارێزگای حەلەب لە باکووری سووریا دەستیپێکردەوە.
گرووپەکانی دژبەری ڕژێم لە ٢٨ی تشرینی دووەمدا لە گوندەواری ڕۆژئاوای حەلەبەوە بە خێرایی بەرەو ناوەندی شارەکە پێشڕەویان کرد و، لە ٣٠ی تشرینی دووەمدا دەستیان بەسەر بەشێکی زۆری ناوەندی پارێزگاکەدا گرت.
گرووپەکان لە ھەمان ڕۆژدا (٣٠ی تشرینی دووەم) دەستیان بەسەر شارۆچکەی خان شەیخوندا گرت و، کۆنتڕۆڵی تەواوی پارێزگای ئیدلب-یان کرد و لە ٥ی کانوونی یەکەمدا پارێزگای حەمایان لە ھێزەکانی ڕژێم سەند.
هاوکات ئەو گرووپە چەکدارانە دەستیان بەسەر چەند گوند و ناوچەیەک لە پارێزگای حومس داگرت کە بە ناوچەیەکی ستراتیژی بۆ گەیشتن بە دیمەشق دادەنرێت.
هەروەها پارێزگای دەرعاش لە نزیک سنووری ئوردن لە ٦ی کانوونی یەکەم لە دوای پێکدادانی نێوان گرووپەکانی دژبەری و چەکدارانی ڕژێمی سووریا، کەوتە دەست هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن.
لە ٧ی کانوونی یەکەمیش، ناوەندی پارێزگای سوەیدا لە باشووری سووریا کەوتە دەست هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و لە هەمان ڕۆژدا ناوەندی پارێزگای قونەیترەش لە لایەن گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە کۆنتڕۆڵ کرا.
ئەو پێشهاتانە لە کاتێکدا بوو کە هاوکات سوپای نیشتمانیی سووریاش، لە ١ی کانوونی یەکەمەوە لە گوندەواری پارێزگای حەلەب، ئۆپەراسیۆنی بەرەبەیانی ئازادی دژ بە ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە/یەپەگە-ی دەستپێکرد و، شارۆچکەی تەلڕەفعەتی لە تیرۆر داماڵی.
لە کۆتاییدا ڕۆژی ٨ی کانوونی یەکەم، لە چەند بەرەیەکەوە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و چەکدارانی دژبەری ڕژێم چوونە ناو دیمەشق و کۆتایی دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس بە سەرۆکایەتی بەشار ئەسەد لە سووریا ڕاگەیاندرا.