Zana Natık Kerem
02 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 02 ئەیلوول 2020
هەولێر ــ AA
راگەیەندرا كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆكایەتی شاندێكی باڵا بە مەبەستی ئەنجامدانی كۆبوونەوەی لەگەڵ سەركۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماكرۆن و بەرپرسانی باڵای عێراق، گەیشتە بەغدا.
ئەم سەردانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا، دوای ئەوە دێت كە سەركۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماكرۆن بگاتە بەغدا و چاوەڕوان دەكرێت لەگەڵ بەرپرسانی عێراق كۆببێتەوە.
میدیاكانی خۆجێی بڵاویانكردەوە كە نێچیرڤان بارزانی لەچوارچێوەی سەردانەكەی بۆ بەغدا سەرەتا بە جیا لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی و سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی و سەرۆكی رەوتی حیكمەی نیشتمانی، عەممار حەكیم و سەركۆماری عێراق، بەرهەم ئەحمەد ساڵح كۆدەبێتەوە.
هەر بەپێی میدیاكانی خۆجێی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆن كۆدەبێتەوە و ژمارەیەك رۆژەڤی گرنگ تاوتوێ دەكەن.
پێشتر ئیمانوێل ماكرۆن رایگەیاندبوو كە بەر لەكەمی كاتی سەردانەكەی بۆ بەغدا ناتوانێت سەردانی هەولێر بكات و بۆیە داوای لە نێچیرڤان بارزانی كردبوو كە لە بەغدا چاوی پێ بكەوێت.
پێشتر بۆ چەندین جار فەڕەنسا داوای لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق كردووە كە بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا رێگەی گفتوگۆ بگرنەبەر.
فەڕەنسا یەكێك لە وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی دژبە داعش بەڕابەرایەتی ئەمریكایە و رۆڵێكی كارا و گرنگی بینوە لە تێكشكاندنی داعش لە ناوچەكانی عێراق.