Ayşe İrem Tiryaki,Ömer Aşur Çuhadar,Zana Natık Kerem
04 ئاب 2024•نوێکردنەوە: 05 ئاب 2024
ئەنقەرە ــ AA
گوتەبێژی نوێنەرایەتی ھەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە ئەگەری ھەیە حزبوڵڵای لوبنان سنووری ھێرشەکەی بۆسەر ئیسرائیل بگۆڕێت.
گوتەبێژەکە لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی "CBS"ی ئەمریکی، گوتوویەتی: "تا ئێستا، حزبوڵڵای لوبنان لە ھێرشەکانی بۆسەر ئیسرائیل بەشێوەیەکی سنووردار پابەندبووە و لە ھێرشەکانیدا زیاتر بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیل دەکاتە ئامانج".
ھەروەھا گوتەبێژەکە کە لەلایەن تۆڕی "CBS"وە ناوی نەھێنراوە باسی لەوەش کردووە کە ئەگەری ھەیە، حزبوڵڵای لوبنان ھێرشی فراوانتر و قووڵتر بۆسەر ئامانجەکانی ئیسرائیل ئەنجام بدات.
ئاماژەی بەوەشداوە، چاوەڕوان دەکەن کە حزبوڵڵای لوبنان سنووری ھێرشەکەی بۆسەر ئیسرائیل بگۆڕێت و گوتوویەتی: "چاوەڕان دەکەین لەمەودا، لە ھێرشەکانی حزبوڵڵای لوبنان، تەنھا بۆسەر ئامانجە سەربازییەکانی ئیسرائیل سنووردار نەبن".