Zuhal Demirci
04 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 06 حوزەیران 2021
لەندەن - AA
وڵاتی بەریتانیا لە ریزبەندی یەکەمی ئەو وڵاتانەی یەکێتی ئەورووپا-دا دێت کە زۆرترین گەشتی ماوە کورتی فڕۆکەی تایبەتی تیادا ئەنجامدەدرێت، بەمهۆیەوە یەکەم وڵاتی ئەو کیشوەرەیە کە بەهۆی بەکارهێنانی فڕۆکەی تایبەتەوە ژینگە پیس دەکات.
بەگوێرەی راپۆرتێکی ئەنجوومەنی ژینگە و گەیاندنی ئەورووپا، لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٥- ٢٠١٩دا رێژەی دوانئۆکسیدی کاربۆن کە بەهۆی گەشتی فڕؤکەی تایبەتەوە لە هەوای کیشوەری ئەورووپا-دا دروست بووە بە ڕێژەی سەدا ٣١ زیادی کردووە.
لە راپۆرتەکەدا باس لەوەش کراوە کە گەشتی فڕۆکەی تایبەت کاریگەرییەکی بێسنووری لەسەر ژینگە هەیە و تەنها لە ماوەی یەک کاتژمێردا فڕۆکەیەکی تایبەت دوو تۆن گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن فڕێدەداتە ناو هەوا.
هەریەکە لە بەریتانیا و فەڕەنسا پشکی سەدا ٤٠ی پیسبوونی ژینگەی ئەورووپا-یان بەهۆی بەکارهێنای فڕۆکەی تایبەتەوە، بەردەکەوێت و نزیکەی لە سەدا ٧٨ی ئەو گەشتانەش بۆ ماوەی کورتن و هەر لە ناو کیشوەری ئەورووپا-دا ئەنجام دەدرێن.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەک، بە لەبەرچاو گرتنی ژمارەی سەرنشینەکان فڕۆکەی تایبەت ٥- ١٤ هێندەی فڕۆکەیەکی ئاسایی و ٥٠ هێندەی شەمەندەفەر، هەوا پیس دەکات.
راپۆرتەکە، ئاماژەی بەوەشداوە کە ئەو کەسانەی خاوەنی فڕۆکەی تایبەتن، تێکڕا خاوەنی ١،٣ ملیار دۆلارن و دەتوانن بەئاسانی ببنە بەشێک لە چارەسەری ئەم کێشەیە.
لای خۆشیەوە بەڕێوبەری ئەنجوومەنی ژینگە و گەیاندنی ئەورووپا، ئاندرو مورفی رایگەیاند: "بەکارهێنانی فڕۆکەی تایبەت رەنگە خراپترین کار بێت کە بەرامبەر ژینگە ئەنجامیبدەین. بەڵام هێشتا سەرمایەدارە گەورەکان وەک ئەوەی هیچ قەیرانێکی ژینگەیی لە ئارادا نەبێت لە بەکارهێنانی فڕۆکەی تایبەت بەردەوامن".