Ahmet Furkan Mercan
31 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 31 تشرینی یەکەم 2021
تۆکیۆ - AA
بەمەبەستی هەڵبژاردنی ئەندامانی خولی چل و نۆیەمینی ئەنجوومەنی نوێنەران (شوگین)ی ژاپۆن، دەنگدەران روویان لە بنکەکانی دەنگدان کرد.
پرۆسەی دەنگدان کە کاتژمێر ٠٧:٠٠ بە کاتی ناوخۆ دەستی پێ کرد و تا کاتژمێر ٢٠:٠٠ بە کاتی ناوخۆ بەردەوام دەبێت.
لە نزیکەی ٤٧ پارێزگای ژاپۆندا، نزیکەی ٤٦ هەزار سندوقی دەنگدان دانراوە.
لە کۆی ٤٦٥ کورسی ئەنجوومەنەکە ٢٨٩یان لە رێگەی بازنەی هەڵبژاردنی یەک کورسی و ئەوانی دیکە لە رێگەی نوێنەرایەتیکردنی رێژەیی ١١ کوتلەی هەڵبژاردنی هەرێمەوە هەڵدەبژێردرێن.
لەم هەڵبژاردنەدا کە هەزار و ٥١ کاندید کێبڕکێ دەکەن، ئەو پارتەی ٢٣٣ کورسی بەدەست بهێنێت، زۆرینەی پەرلەمانەکە مسۆگەر دەکات.
جیاکردنەوەی دەنگەکان لە دوای کاتژمێر ٢٠:٠٠ کە هەڵبژاردنەکە کۆتایی دێت دەست پێ دەکات و تا کاتەکانی بەیانی یەکی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت.
چاوەڕوان دەکرێت لە کاتەکانی سەرەتای رۆژەکەدا، ئەنجامە بەراییەکان رابگەیەندرێت.
لە ژاپۆندا کە تا ئێستا سەرۆکوەزیرانی ژن هەڵنەبژێردراوە، ژمارەی ئەو ژنانەی لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢١دا کێبڕکێ دەکەن، تێکڕا ژمارەیان ١٨٦ کاندیدە کە دەکاتە سەدا ١٧ی کاندیدەکان.
- پانتایی سیاسیی
لە تابلۆی ئێستای پەرلەماندا، پارتی لیبراڵی دیموکراتی دەسەڵاتدار (LDP) خاوەنی ٢٧٦ کورسی و هاوبەشەکەی کۆمیتۆ خاوەنی ٢٩ کورسییە.
ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی کە پێکهاتووە لە پارتی دیموکراتی دەستووریی (CDP)، پارتی کۆمۆنیستی ژاپۆن (JCP)، پارتی سۆسیال دیموکرات (شامین) و ریوا شیننگومی چەپڕەو (رێ-شین) هێزەکانیان یەک دەخەن.
پارتی دیموکراتی دەستووریی بە ١٠٩ کورسی، پارتی کۆمۆنیستی ژاپۆن بە ١٢ کورسی، نیپۆن ئیشین بە ١١ کورسی، کۆکومین بە هەشت کورسی لە پەرلەمان نوێنەرایەتی دەکەن.
١٢ سەربەخۆ و رێ-شین، شامین و پارتی پاراستنی گەل یەکی یەک کورسیان هەیە لە پەرلەمان.
بەپێی راپرسی دەزگای پەخشی گشتیی NHK کە هەفتەی رابردوو لە رێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ دەنگدەران ئەنجامی داوە، سەدا ٥٦ی دەنگدەران ئاماژەیان بەوە کردووە کە بەشداری لە هەڵبژاردندا دەکەن.