Ferdi Uzun
18 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 19 حوزەیران 2022
ئایدن-AA
ئافرەتان و منداڵان، کە لەدەست جەنگی وڵاتەکەیان هەڵهاتوون و لە قەزای کوشاداسی لە ئایدن نیشتەجێ بوون، بە دڵتەنگیەوە پێشوازی لە رۆژی باوکان دەکەن.
دوای دەستپێکردنی جەنگی رووسیا و ئۆکراینا، بەشێک لە خەڵکی ئۆکراینا لە هۆتێل و خانووەکان لە قەزای کوشاداسی سەر بە پارێزگای ئایدن نیشتەجێ بوون.
ئافرەتان و منداڵانی ئۆکراینا کە هاوسەر و باوکیان بەجێهێشتووە، بە ئومێدەوە چاوەڕێی ئەو رۆژە دەکەن کە شەڕەکە کۆتایی پێبێت.
لە بەرامبەردا خەڵکی ئۆکراینا ئەمساڵ بە دڵتەنگیەوە یادی رۆژی باوکان دەکەنەوە.
منداڵانی ئۆکراینی جارجارە بە ڤیدیۆ چاویان بە باوکیان دەکەوێت و حەسرەتی دووری دەڕوێننەوە.
ئاناتۆلی لیولکا کە ژنێکی تەمەن ٣٧ ساڵانە و لەگەڵ دوو منداڵە تەمەن سێ و هەشت ساڵانەکەی لە کوشاداسی نیشتەجێن، بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، چوار مانگە لە دووری هاوسەر و باوکی دەژی.
لیولکا رایگەیاند کە هەرچەندە لێرە سەلامەتن، بەڵام هەردەم دڵی لەلای وڵاتەکەیەتی، هەروەها سوپاسی خەڵکی شارۆچکەکە، دامەزراوە گشتییەکان و رێکخراوە ناحکوومییەکانی کرد بۆ هاوکاریکردنیان.
ئاناتۆلی لیولکا ئاماژەی بەوە کرد هاوسەرەکەی کە ئەندازیاری فڕۆکەوانییە، بەردەوامە لە کارکردن لە فڕۆکەخانە، گوتیشی: "هاوسەرەکەم، جیهانی من بوو... هەرگیز نەمدەویست جێی بهێڵم. بەڵام ئەو خۆی بڕیاری لەسەر ئەمە دا. ئەو قایلی کردم کۆچ بکەین و من و منداڵەکانم وڵات بەجێبهێڵین. هاوسەرەکەم بەردەوام پرسیار لە منداڵەکان دەکات، کوڕە بچووکەکەم هەمیشە بەرلەوەی بخەوێت پرسیار لەبارەی باوکی دەکات".
ناوبراو روونیکردەوە کە باوک و دایکی لە خێرسۆن دەژیان و دواتر ئەوێیان بەجێهێشتووە، گوتی: "ژیان لەوێ زۆر قورس بووە، سوپای رووسیا خراپ مامەڵە دەکات".
- شیعری بۆ باوکی نووسیوە
میلانا لیولکا-ی تەمەن هەشت ساڵان کە شیعری "بیری دەکەم"ی بۆ باوکی نووسیوە، دەڵێت: "زۆر بیری دەکەم و دەمەوێت سەرەتا لە باوەشی بگرم کاتێک دەڕوات، باوکم لەژیاندایە، ئەو زیندووە، من هەموو رۆژ نزای بۆ دەکەم".
میلانا لیولکا کە ئاواتەخوازە ئەم جۆرە جەنگە لە جیهاندا دووبارە نەبێتەوە، بەم شێوەیە شیعرەکەی هۆنیوەتەوە:
"باشترین باوکە لە جیهاندا، باوکم/هەمیشە هەست بە خۆشەویستی تۆ دەکەم/بیری دەستەکانت دەکەم/بیری ئەو کاتە دەکەم/هەمیشە سەلامەت بمێنە، خودایە لێمانی مەستێنە/ هەمیشە بمێنە لامان، بە خۆشەویستی ئاو بدە دڵمان"