Abdullah Shukur
03 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 04 کانوونی یەکەم 2017
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە ئەو لێکۆڵینەوەیەی بەڕێوەبەری پێشووی نووسینگەی فیدڕاڵی (ئێف بی ئای)، جەیمیز کۆمی لەبارەی ھیلاری کلینتۆن بەڕیوەی دەبات، "ساختەیە و لێکۆڵینەوەیەکی راست نییە".
ترەمپ لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند کە ئەو ھەرگیز داوای لە کۆمی نەکردووە، لێکۆڵینەوەی خۆی لەگەڵ میاکل فلین (راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی) رابگرێت.
دۆناڵد ترەمپ ئەوەشی خستەڕوو کە چەندین دامەزراوەی راگەیاندن کە ئەو بە "fake news" واتە ھەواڵی درۆ ناویان دەبات، تاکو ئێستا لەسەر بانگەشەکانی کۆمی ھەواڵ بڵاودەکەنەوە.
ترەمپ راشیگەیاند کە لێکۆڵینەوەی ئێف بی لەبارەی ھیلاری کلینتۆن لێکۆڵینەوەیەکی ساختەیە و راست نییە. ئەوەشی خستەڕوو کە ئێف پی ئای لەسەردەمی کۆمی متمانەی لەدەستداوە و ھەوڵدەدەن بە زووترین کات متمانە بۆ ئەو دامەزراوەیە بگەڕێنەوە.
ترەمپ باسی لەو کارمەندەی ئێف پی ئای بە ناوی پیتەر سترۆزۆک کرد کە دژی ترەمپە و بەرپرس بووە لە لێکۆڵینەوەی دۆزەکەی ھیلاری کلینتۆن، راشیگەیاند کە رۆڵی ئەو کارمەندەی ئێف بی ئای لە لێکۆڵینەوەی دۆزی ھیلاری کلینتۆن لە ژێر لێکۆڵینەوە دایە.