Fuat Kabakcı
27 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 27 تشرینی یەکەم 2022
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو ئەو پەلامارە تیرۆریستییەی کە مەرقەدێکی لە شاری شیراز باشووری ئێران، کردە ئامانج سەرکۆنە کرد.
مەولوود چاوشئۆغڵو دەربارەی پەلامارەکە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا نووسیویەتی: "بەتوندی سەرکۆنەی ئەو پەلامارە تیرۆرستییە نابەجێیە دەکەین کە مەرقەدێکی پیرۆزی شیعەکانی لە شاری شیرازی ئێران، کردە ئامانج".
وەزیری دەرەوەی تورکیا، نزای لێخۆشبوونی بۆ ئەو کەسانە کرد کە لە پەلامارەکەدا گیانیان لەدەستداوە و هیوای زوو چاکبوونەوەشی بۆ بریندارەکان، خواست.
دوێنێ، کەناڵی فەرمی حکوومەتی ئێران، هەواڵی ئەوەی بڵاوکردەوە کە پەلامارێکی چەکداری کراوەتە سەر مەرقەدی شا چراغ لە شاری شیراز سەربە پارێزگای فارس و لە ئاکامدا، ١٥ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢١ی دیکەش برینداربوون.