Dildar Baykan Atalay, Kasım Sakallı
21 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 22 ئەیلوول 2021
نەتەوە یەکگرتووەکان - AA
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن لە میانی گوتارێکیدا کە لە خولی حەفتا و شەشەمینی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێشکەشی کرد، پەیامی ھەماھەنگی ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی کرد و گوتی: "چیتر بەدوای جەنگێکی ساردی نوێ یان جیھانێک کە بەسەر بلۆکی تونددا دابەشکراوە نین، جارێکی دیکە دەیڵێمەوە بەدوای ئەمەدا نین".
جۆ بایدن کە لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١، پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکای وەرگرت، ئەمرۆ بۆ یەکەم جار وەکو سەرۆکی ئەمریکا لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، گوتاری پێشکەش کرد.
بایدن لە میانی گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا، دەستی بە کۆتاییھێنان بەو جەنگانە کردووە کە کۆتایی نایات و جەختی لەوە کردەوە کە ھیچ کات چەک نابێتە چارەسەر و گوتی: "دەبێت ھێزی سەربازیی ئەمریکا ببێتە دوایین چارەسەرمان، نابێت بۆ وەڵامدانەوەی ھەر کێشەیەک لە جیھاندا بەکاربھێندرێت".
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی: "چیتر بەدوای جەنگێکی ساردی نوێ یان جیھانێک کە بەسەر بلۆکی تونددا دابەشکراوە نین، جارێکی دیکە دەیڵێمەوە بەدوای ئەمەدا نین".
- دووپاتکردنەوە لە "چارەسەریی دوو دەوڵەت" بۆ ئیسرائیل و فەڵەستین لەلایەن بایدنەوە
جۆ بایدن سەبارەت بە پرسی داماڵینی چەکی ئەتۆمی، ئاماژەی بەوە کرد کە پێشینەی پێدەدەن و گوتی: "ئەمریکا بەڵێنی خۆی لەبارەی رێگریی لە ئێران لە بەدەستھێنانی چەکی ئەتۆمی دەباتەسەر. بەردەوامی ھەوڵە دیپلۆماتییەکان لەگەڵ وڵاتانی کۆمەڵەی پێنج کۆ یەک (چین، فەڕەنسا، رووسیا، بەریتانیا، ئەمریکا، ئەڵمانیا) بۆ گەڕانەوەی ئێران بۆ مەرجەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی دەدین. ئەگەر ئێران بگەڕێتەوە بۆ مەرجەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی، ئەوە ئێمەش ئامادەین ھەمان کار بکەین".
سەرۆکی ئەمریکا راشیگەیاند کە بەردەوامی بە ھەوڵەکانیان دەدەن بۆ دەستەبەرکردنی ئەوەی کە توندوتیژی تاکە رێگا نییە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و گوتی: " پاڵپشتیمان بۆ دەوڵەتی سەربەخۆی جولەکە ئاشکرایە. بەڵام باشترین رێگا بۆ دامەزراندنی داھاتووی ئیسرائیل وەکو دەوڵەتێکی جولەکەی دیموکراتی و دەوڵەتێکی دیموکراتیی فەڵەستین، چارەسەریی دوو دەوڵەتە. لە ئێستادا رێگایەکی درێژمان لە پێشدايە بۆ ئەم چارەسەرە، بەڵام ھیچ کاتێک کۆڵ نادەین".