Mazın Asad
19 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 20 ئاب 2017
حومس - AA
لە ئەنجامی تۆپبارانکردن و ھێرشە ئاسمانییەکانی رژێمەکەی بەشار ئەسەد لە ناوچەی کەفر لەھە و گوندەکانی تەیبە و تەلدۆ لە شارۆچکەی ھۆلا-ی باکووری شاری حومس، دوو کەسی مەدەنی کوژران کە یەکێکیان ئافرەت بوو و ١٣ی دیکەش بریندار بوون کە لە نێوانیاندا منداڵ بەدیدەکران.
بەپێی ئەو زانیارییانەی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە حومس دەستی کەوتوون، ھێزەکانی رژێمەکەی ئەسەد بە ھاوەن ھێرشی کردە ناوچەی کەفر لەھە و گوندەکانی تەیبە و تەلدۆ لە شارۆچکەی ھۆلا-ی باکووری شاری حومس و بەھۆیەوە دوو کەس کوژران کە یەکێکیان ئافرەت بوو.
ھاوکات بەپێی ئەو نووسراوانەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی نەخۆشخانەی کەفر لەھا بڵاوکراوەتەوە، لە ھێرشەکەدا بە لایەنی کەمەوە ١٣ کەس بریندار بوون کە لە نێوانیاندا منداڵ ھەن.
ھێزەکانی رژێم ماوەی ھەفتەیەکە بە چڕی بۆردومانی شارۆچکەکە دەکەن و بەھۆیەوە زیانێکی زۆر بەر یەکەکانی نیشتەجێ کەوتووە.
باکووری حومسی ژێرکۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، ماوەی پێنج ساڵە لە لایەن سەربازانی رژێمی ئەسەدەوە گەمارۆ دراوە.
شارۆچکەی ھۆلا یەکێکە لەو ناوچانەی کە دەکەوێتە نێو "ناوچەکانی داماڵدراو لە پێکدادان" کە لە کۆبوونەوەکانی ئاستانا لە ٤-٥ی ئایار لە نێوان رووسیا، تورکیا و ئێران دیاریکرابوو.