Zana Natık Kerem
29 مای,س 2024•نوێکردنەوە: 30 مای,س 2024
ھەولێر ــ AA
حکوومەتی عێراق لە میانی بەدواداچوون بۆ پێشھاتەکانی دۆخی غەززە، داوای کرد کە لەسەر ئاستی ھەرێمی و نێودەوڵەتی، ڕێگریی بکرێت لە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لە کەرتی غەززە.
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە: "حکوومەتی عێڕاق بەدواداچوون بۆ پێشھاتەکانی دۆخی غەززە و ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین کردووە، بەتایبەتی ئەو پەرەسەندنی ھێرشەکانی زایۆنی بۆ سەر ڕەفح کە بەھۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە ھاووڵاتییانی سڤیل بوونەتە قوربانی".
ڕاشیگەیاندووە: "پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی خۆی لەئەستۆ بگرێت و ھەوڵی زیاتر بدات بۆ ڕاگرتنی بەردەوامی کردەوە تاوانکارییەکانی زایۆنی لە فەڵەستین".
باسی لەوەشکردووە کە حکوومەتی عێراق داوای ھەڵوێستێکی عەرەبی، ئیسلامی و ھەرێمی دەکات، بۆ ئەوەی ڕێگری بکەن لە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لەلایەن زایۆنییەوە لە کەرتی غەززە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ھەروەھا ھاتووە: "عێراق ھەڵوێستەکانی ئەم دواییەی ژمارەیەک وڵات بەرز دەنرخێنێت کە بریتییە لە دانپێدانان بە دەوڵەتی فەڵەستین، ئەمەش وەڵامدانەوەیەکی ڕوونە بۆ ئەو سیاسەتە فەرامۆشکراوانەی کە ھەندێک لە ھێزە نێودەوڵەتییەکان پەیڕەوی دەکەن و بێدەنگ بوون لە ھێرشەکانی سەر کەرتی غەززە".
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە حکوومەتی عێراق پشتیوانی خۆی بۆ پرسی فەڵەستین نوێ دەکاتەوە و داوایش لە ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات کە دەستبەجێ کاربکەن بۆ کردنەوەی دەروازەکان لە پێناو گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە.
پێشتر نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکوومەت لە کەرتی غەززە ڕایگەیاندبوو کە لە ڕۆژی ٢٦ی ئەم مانگەوە تا ئێستا، سوپای ئیسرائیل سێ کۆمەڵکوژی بۆسەر کەمپی ئاوارە فەڵەستینییەکان لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژئاوای شاری ڕەفەح باشووری کەرتی غەززە ئەنجامداوە و لە ئاکامدا، ٧٣ فەڵەستینی کوژراون و دەیانی دیکەش برینداربوون.