Emre Gürkan Abay
14 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 15 کانوونی دووەم 2020
مۆسكۆ - AA
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیا بڵاویكرده‌وه كه خه‌لیفه حه‌فتەر سەرکردەی هێزه چه‌كداره‌كانی خۆرهه‌ڵاتی لیبیا، به‌بێ واژووكردنی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی دوای گفتوگۆكان له‌باره‌ی ئاگربه‌ست دروستبوو، مۆسكۆی جێهێشتووه.
له روونكردنه‌وه‌یه‌كی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیادا بۆ ئاژانسی هه‌واڵیی رووسیا TASS، ئاماژه به‌وه كراوه كه خەلیفە حه‌فتەر به‌بێ واژووكردنی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی كه سه‌رۆكوه‌زیرانی حكوومه‌تی ته‌بایی نیشتمانی، فایز سه‌راج په‌سه‌ندی كردووه كاته‌كانی شه‌و مۆسكۆی جێهێشتووه.
له روونكردنه‌وه‌كه‌دا باس له‌وه كراوه كه رووسیا به‌رده‌وامه له‌سه‌ر كاره‌كانی له‌نێوان لایه‌نه‌كانی لیبیادا.
- گفتوگۆكانی قه‌یرانی لیبیا له مۆسكۆ
دوێنێ له مۆسكۆ گفتوگۆی نێوان شانده‌كانی توركیا و رووسیا له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی لیبیا به‌ڕێوه‌چوو.
شاندی توركیا، فایز سه‌راج و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ده‌وڵه‌تی لیبیا، خالید میشری ده‌قی رێككه‌وتنه‌كه‌یان ئاماده‌كرد.
شاندی رووسیا هه‌وڵیاندا خەلیفە حه‌فتەر و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی لیبیا كه ناوه‌نده‌كه‌ی له شاری تبرق-ە، عه‌قیله ساڵح قایل بكات، به‌ڵام خەلیفە حه‌فتەر ده‌قی رێككه‌وتنه‌كه‌ی واژوونهكرد كه دوای هه‌وڵێكی زۆر پێكهاتبوو و داوای كاتی كردبوو تا به‌یانی.