Ramal Mahmood
01 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 02 کانوونی یەکەم 2016
نەتەوە یەکگرتووەکان - AA
- ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی چڕبوونەوەی شەڕ و پێکدادانەکان لە حەلەب و هۆشداریدان لەمەترسییەکان بۆسەر رەوشی مرۆیی کۆبوونەوەیەکی بە پەلەیان ئەنجامدا.
- جێگری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی و رێکخەری باری لەناکاو، ستیفن ئۆبراین: "بۆ ئەوەی رۆژهەڵاتی حەلەب نەبێتە گۆڕستانێکی گەورە، داواکارین هاووڵاتییانی مەدەنی بپارێزرێن و هاوکارییەکان بگەنە ناوچە گەمارۆدراوەکان".
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی چڕبوونەوەی شەڕ و پێکدادانەکان لە حەلەب و هۆشداریدان لەمەترسییەکان بۆسەر رەوشی مرۆیی کۆبوونەوەیەکی بە پەلەیان ئەنجامدا.
لە کۆبوونەوەکەدا جێگری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی و رێکخەری باری لەناکاو، ستیفن ئۆبراین ئاماژەی بەوە دا کە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ماوەی پێنج ساڵە بە خەمساردییەوە لەو داواکارییانەی روانیووە کە داوای چارەسەری سیاسیی بۆ رەوشی سووریا و کۆتاییهێنان بەو جەنگە دەکەن کە ماوەی پێنج ساڵە لەو وڵاتە بەردەوامە و بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە ملیۆنەها هاووڵاتی ئەو وڵاتە و گیانی هاووڵاتییانی مەدەنی خستووەتە مەترسییەوە.
ئۆبراین سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە بەهۆی چڕبوونەوەی پێکدادانەکان لە رۆژهەڵاتی حەلەب ژمارەی ئەو هاووڵاتییە مەدەنیانەی لە ماڵوحاڵی خۆیان دەربەدەر بوون گەیشتووەتە ٢٥ هەزار کەس. ئاماژەی بەوەشدا کە هەزاران کەسی دیکەش مەترسی دەربەدەربوونیان لە سەرە.
ئۆبراین ئەوەی خستەڕوو کە ماوەی ١٥٠ رۆژە رۆژهەڵاتی شاری حەلەب گەمارۆ دراوە، هۆشداری ئەوەیشیدا کە هاووڵاتی مەدەنی لەو ناوچەیە ناتوانن زیاتر لەوە بەردەوامی بە ژیانیان بدەن لەناو شەڕ و پێکدادان و هێرشە ئاسمانییەکان و گوتی: "بۆ ئەوەی رۆژهەڵاتی شاری حەلەب نەبێتە گۆڕستانێکی گەورە، داواکارین هاووڵاتییانی مەدەنی بپارێزرێن و هاوکارییەکان بگەنە ناوچە گەمارۆدراوەکان".
نوێنەری تایبەتی سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ستافان دی میستورا لەڕێگەی تێلەکۆنفراسەوە بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا کرد و، ئاماژەی بەوە دا کە داواکاری بەجێهێشتنی حەلەب لەلایەن چەکدارانی بەرەی نوسڕەوە هێشتا لەسەر مێزی گفتوگۆیە.
لەکۆبوونەوەکەدا نوێنەری هەمیشەیی بەریتانیا لە ئەنجوومەنی ئاسایش، ماتیۆ رێیکرۆفت و نوێنەری هەمیشەیی ئەمریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایش، سامانسا پاوەر بەرپرسیارێتی رەوشی سووریایان خستە ئەستۆی رووسیا.
رێیکرۆفت رەخنەی لە رووسیا گرت بەوەی لە ئەنجوومەنی ئاسایش لەدژی بڕیارەکان لەبارەی سووریاوە مافی ڤیتۆ بەکار دەهێنێت.
نوێنەری هەمیشەییی ئەمریکا، سامانسا پاوەر داوای کرد کە ئەنجوومەنی ئاسایش رەزامەندی لەسەر ئەو پڕۆژە بڕیارە بدات کە لەلایەن ئیسپانیا، میسر و نیوزیلاند ئامادە کراوە بەمەبەستی ئەوەی بۆ ماوەی ١٠ رۆژ ئاگربەستی مرۆیی رابگەیەنرێت. لەکۆتایی قسەکانیدا پاوەر نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی نوێنەری هەمیشەیی رووسیا لە ئەنجوومەنی ئاسایش مافی ڤیتۆ لە دژی ئەو پڕۆژە بڕیارە بەکار بهێنێت.
نوێنەری هەمیشەیی رووسیاش لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڤیتالی چورکین تۆمەتی دووڕوویی خستە پاڵ وڵاتانی رۆژئاوا و بەوەی سەرنجیان لەسەر حەلەب چڕکردووەتەوە لەکاتێکدا رەوشی مووسڵ لە عێراق و رەوشی یەمەن و نەگەیشتنی هاوکاری مرۆیی پێیان تابڵێی جێگای نیگەرانیە.