Tuğçenur Akgün
22 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 22 شوبات 2023
نیویۆرک - AA
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ باسی لەوە کرد کە "هیچ کات بە ئەندازەی ئێستا جەنگی جیهانی سێیەم نزیک نەبووە".
دۆناڵد ترەمپ بەبۆنەی تێپەڕینی ساڵێک بەسەر دەستپێکردنی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی بابەتێکی بە ناونیشانی "سەرۆک ترەمپ، بانگەشەکەرانی جەنگ و تامەزرۆیانی جەنگی نێودەوڵەتی دەردەکات" بڵاوکردەوە.
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا باسی لەوە کردووە کە پێویستە ناو حکوومەت، وەزارەتی بەرگریی (پنتاگۆن) و وەزارەتی دەرەوە لە هەموو "هاندەرانی جەنگ و تامەزرۆیانی جەنگی نێودەوڵەتی"، پاک بکرێنەوە و نوسیویشییەتی: "هیچ کات بە ئەندازەی ئێستا جەنگی جیهانی سێیەم نزیک نەبووە".
دۆناڵد ترەمپ بانگەشەی ئەوەشی کردووە کە "تاکە سەرۆک بووە هیچ جەنگێکی هەڵنەگیرساندووە کە بەدرێژایی چەندین نەوە بەردەوام بێت" و بە رەتکردنەوەی پێشنیازی بیرۆکراتەکانی واشنتۆن رێگری کردووە لە جەنگ و پێکدادان.
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا باسیشی لە راپەڕینەکانی ساڵی ٢٠١٤ی ئۆکراینا کردووە و ئاماژەی بەوەداوە کە حکوومەتی ئەوکاتی ئەمریکا پشتیوانی ئەو راپەڕینانەی کردووە، نوسیویشییەتی: "خاوەنی کەسانێکی وەک راوێژکاری سیاسیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڤیکتۆریا نوولاندین کە ئۆکراینای بۆ نزیکبوونەوە لە ناتۆ بەلاڕێدابرد".
دۆناڵد ترەمپ ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ئەو جۆرە کەسانە ماوەیەکی درێژە هەوڵ بۆ نانەوەی جەنگێکی هاوشێوەی جەنگی عێراق دەدەن، بەڵام هیچکامێکیان پاساو ناهێنناوە بۆ داگیرکردنی ساڵێک بەرلەئێستای ئۆکراینا.
ترەمپ نووسیویەتی: "ئەگەر من سەرۆکتان بوومایە هیچکام لەمانە روویان نەدەدا، بەڕاستی پێویستە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لەو تێڕوانینە نێودەوڵەتییە دواکەوتوانەیە رزگاری ببێت".
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ کە یەکێکە لە پاڵێوراوانی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ساڵی ٢٠٢٤، جەختی لەوە کردەوە کە کاتێک دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا ئەم رەوشە دەگۆڕێت و ئەو دەسەڵاتانەی بەکاردەهێنێت کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەخەنە پێش هەموو شتێکەوە، نوسیویشییەتی: "لەڕێی سەرکردایەتییەکی راستەوە دەتوانین جەنگی ئۆکراینا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا کۆتایی پێبهێنین".