Aladdin Mustafaoğlu,Baybars Can
22 تەمووز 2024•نوێکردنەوە: 23 تەمووز 2024
نیویۆرک ــ AA
بەربژێری کۆمارییەکان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند کە ھەرگیز سەرۆکی ئێستای ئەمریکا، جۆ بایدن بەربژێرێکی گونجاو نەبووە بۆ سەرۆکایەتی، هەروەها دۆخەكەی گونجاو نەبوو، بۆ ئەوەی وەک سەرۆکی وڵات لە ئەركەكەی بەردەوام بێت.
دوای کشانەوەی جۆ بایدن لە کێبڕی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکادا، دۆناڵد ترەمپ لە پلاتفۆرمی "Truth Social" پەیامێکی بڵاو کردەوە.
ترەمپ ڕایگەیاندووە کە بایدن لە ساڵی ٢٠٢٠دا، بەھۆی "درۆ و ھەواڵی ساختە"وە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بردووە و ئاماژەی بەوەشداوە، پزیشکی بایدن و کەسە نزیکەکانی دەزانن کە ئەو نابێت بە سەرۆک.
گوتوویەتی: "ھەرگیز جۆ بایدن نەدەبوو ببێت بە سەرۆکی ئەمریکا".
ھەروەھا باسی لەوەش کردووە، بە خێرایی ئەو زیانانە چاک دەکاتەوە کە سەرۆکایەتی بایدن بە ئەمریکای گەیاندووە.
تا ئێستا جۆ بایدن ھیچ کاردانەوەیەکی لەبارەی پەیامەکەی دۆناڵد ترەمپ نیشان نەداوە.