Ömer Tuğrul Çam,Şenhan Bolelli
29 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 30 حوزەیران 2022
مەدرید - AA
دانیشتەکان لە چوارچێوەی لووتکەی ناتۆ کە لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا بەڕێوەدەچێت و تیایدا سهرۆکی دهوڵهت و سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی وڵاتانی ئهندامی رێکخراوەکە بەشدارن دەستی پێکرد.
لە یەکەم دانیشتندا سەبارەت بە ئۆکراینا، سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتنبێرگ گوتارێکی پێشکەش کرد و، باسی لەوە کرد کە لەو لووتکەیەدا بڕیارگەلێکی گرنگ دەردەکرێت بۆ بەهێزکردنی ناتۆ لە جیهانێکی پڕ رکابەردا کە تیایدا رژێمە تاکڕەوەکانی وەک رووسیا و چین تەحەدای شیرازەیەکی پشت بەستوو بە یاساکان دەکەن.
ستۆڵتنبێرگ ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە دۆخی نوێی بەڵگەی چەمکی ستراتیجی هاوپەیمانیەکە پەسەند دەکرێت کە وەک نەخشە رێگا وایە، هاوکات پێکهاتەی رێگریکردن و بەرگریی هاوپەیمانیەکە بەهێز دەکرێت، بە بانگهێشتکردنی سوید و فینلاند ئەوە دەخرێتەڕوو کە دەرگاکانی ناتۆ کراوەن.
هەروەها ستۆڵتنبێرگ باسی لەوە کرد کە لە لووتکەکەدا سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی گوتارێک پێشکەش بە سەرکردەکان دەکات و، پاکێچێکی پشتیوانی گشتگیر بۆ ئۆکراینا پەسەند دەکرێت.
لای خۆیەوە سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، پێدرۆ سانجێس کە وڵاتەکەی میوانداری لووتکەکە دەکات، گوتارێکی پێشکەش کرد و، رایگەیاند: ''ئەو بڕیارانەی دەریان دەکەین توانا و ئەو سەرچاوانەمان دیاری دەکەن کە لە ١٠ ساڵی ئایندەدا بەکاریان دەهێنین. جیهان تەماشای ئێمە دەکات. یەکێتیی و یەکبوونمان نیشانی هەمووانی دەدەین و دەریدەخەن کە توانای بەدیهێنانی چاوەڕوانیەکانمان هەیە''.
سانجێس پیرۆزبایی لە تورکیا، فینلاند و سوید کرد بەبۆنەی واژووکردنی یاداشتنامەی سێ قۆڵی و رایگەیاند: ''هاتنی ئەو دوو وڵاتە بۆ ناو ناتۆ دەبێتە خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگ''.
هەروەها سانجێس باسی لەوە کرد کە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا ئەوانەشی ئەندام نین لە ناتۆ بانگهێشتی لووتکەکەی مەدرید کراون و، ئەم ئێوارەیە هەموو سەرکردەکان لە خوانێکدا بەیەکەوە دەبن کە ئەوەش بۆ یەکەمجارە لە ناتۆدا رووبدات.