Zuhal Demirci
15 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 15 کانوونی دووەم 2023
لەندەن - AA
لە لەندەن پایتەختی بەریتانیا لە ئاکامی دەستڕێژی گولـلە کە لەناو ئۆتۆمبێلێکەوە ئەنجام درا، پێنج کەس کە دووانیان منداڵ بوون برینداربوون.
بەپێی راگەیەندراوێکی پۆلیسی بەریتانیا لە میانی بەڕێوەچوونی پرسەیەک لە کڵێسایەکی باکووری لەندەن، لەنێو ئۆتۆمبێلێکەوە دەستڕێژی گولـلە کراوە و لە ئەنجامدا، دوو منداڵی حەوت بۆ ١٢ ساڵان و سێ ئافرەت برینداربوون.
رووداوەکە لە نزیک وێستگەی شەمەندەفەری ئیۆستون روویداوە و دەستبەجێ بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە، ئاماژە بەوە کرا کە منداڵە تەمەن حەوت ساڵانەکە مەترسی لەسەر ژیانی هەیە، بەڵام منداڵەکەی دیکە کە بە سووکی قاچی برینداربووە نەخۆشخانەی جێهێشتووە.
هەروەها باس لەوە کرا کە ئەو سێ ئافرەتەی لە رووداوەکەدا برینداربوون، باری تەندروستییان جێگیرە و هیچ مەترسییەک لەسەر ژیانیان نییە.
سەرۆکی پۆلیسی ناوچەکە، ئێد وێڵس سەبارەت بە رووداوەکە رایگەیاند: ''هیچ هێرشێکی چەکداری قبوڵکراو نییە، ئەو هێرشە چەکدارییەی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ روویدا و تیایدا دوو منداڵ برینداربوون جێگەی سەرسوڕمانە. لێکۆڵینەوە لەو هێرشە مەترسیدارە بەردەوامە''.
دوا بە دوای رووداوەکە، پۆلیس رێوشوێنی ئەمنیی توندوتۆڵی گرتەبەر.