Mazın Asad
25 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 26 نیسان 2017
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ لەبارەی رووداوەکانی ساڵی ١٩١٥ دەرھەق بە ئەرمەنییەکان کە ٢٤ی نیسان بە ساڵیادی رووداوەکان پەسەند کراوە، بە زمانی ئەرمەنی دەستەواژەی "کارەساتی گەورە (Meds Yeghern)" بەکارھێنا.
ترەمپ لەبارەی رووداوەکانی ساڵی ١٩١٥ نووسراوێکی بڵاو کردەوە و رایگەیاند: "ئەمڕۆ یادی ئەوانە دەکەینەوە کە لە گەورەترین کۆکوژییەکانی سەدەی بیستەم ئازاریان چەشتووە".
ترەمپ گوتیشی: "لە ساڵی ١٩١٥ بەولاوە ملیۆنێک و نیو ئەرمەنی یان دیپۆرتی دەرەوە کراوە یان کوژراوە و یاخود کۆچیان پێکراوە. لەگەڵ نەتەوەی ئەرمەنیم کە لە ئەمریکا و گشت جیھان یادی ئەوان دەکەنەوە. ئەرمەنییەکی زۆر لە ئەمریکا ژیانێکی نوێی پێکھێنا و سوودی ھەمیشەییان بۆ وڵاتەکەمان دروستکرد".
سەرۆکی ئەمریکا لە نووسراوەکەدا راشیگەیاند: "لە پێناو دووبارە نەبوونەوەی ئەو جۆرە رووداوانە پێویستە مێژوو بە بیر بخرێتەوە. بۆ بونیاتنانی ژێرخانی ئایندە لەسەر بنەمای دادپەروەری و خۆشگوزەرانی بۆ پەسەندکردنی ئەم رابردووە ناخۆشە و رووبەڕووبوونەوەی، بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لە ھەوڵەکانی تورکەکان و ئەرمەنەکان دەکەم".
سەرۆک پێشووی ئەمریکا باراک ئۆباماش بە درێژایی ماوەی ئەرکەکەی دەستەواژەی "کارەساتی گەورە"ی بۆ ئەرمەکان بەکارھێنابوو.
سەرۆکەکانی ئەمریکا لە ساڵی ١٩٩٣ لەکاتی بیل کلینتۆنەوە تاوەکو ئێستا، ھەموو ساڵێک نووسراوێک لەبارەی رووداوەکانی ساڵی ١٩١٥ بڵاو دەکەنەوە و بە گشتی رووداوەکانی ١٩١٥ بە "کارەساتی گەورە، کۆچ و کۆکوژی" ناوزەند دەکەن.