Mazın Asad
27 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 28 حوزەیران 2017
واشنتۆن - AA
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاند رژێمی سووریا لە بنکەی ئاسمانی شەعرات لە ئامادەکاریدایە بۆ ئەنجامدانی ھێرشێکی کیمیاویی گەورە.
گوتەبێژ بەناوی پنتاگۆن ئادریان رانکین گالۆوای لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند: "ھەندێک نیشانە ھەیە کە رژێمی سووریا لە ئامادەکاریدایە بۆ ئەنجامدانی ھێرشێکی گەورەی کیمیاویی".
گالۆوای قسەکانی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپی لەبارەی ھێرشە کیمیاوییەکەی ٦ی نیسانی سووریا وەبیرھێنایەوە کە ئاماژەی بەوە دابوو کە ئەو ھێرشانە ھەڕەشە لەسەر بەرژوەندییەکانی نیشتمانی ئەمریکا دروست دەکات، لەوبارەیەوە رایگەیاند ترەمپ دوێنێ لە روونکردنەوەکانیدا بەشێوەیەکی ئاشکرا ھەڵوێستی بەرامبەر بە ئەنجامەکانی ھێرشی کیمیاویی لە لایەن رژێمی ئەسەد نیشان داوە.
گوتەبێژەکەی پنتاگۆن روونیشی کردەوە کە ئەو ئامادەکارییانە لە بنکەی ئاسمانی شەعرات درێژەی ھەیە کە پێشتر لەو بنکەیەوە ھێرشی کیمیاویی کرابووە سەر ناوچەی خان شەیخونی شاری ئیدلب.
ئەمەش لەکاتێدایە کە دوێنێ کۆشکی سپی بانگەشەی ئەوەیکرد رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا لە ئامادەکارییدایە بۆ ئەنجامدانی ھێرشی کیمیاویی کە رەنگە ببێتە ھۆی کوژرانی بەکۆمەڵی ھاووڵاتییان و ئاشکرایکرد لە حاڵەتێکی لەو جۆرەدا، رژێم بە "قورسی باجی ئەو کارەی دەدات".