Mohammed Baqi Hussein
30 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 02 کانوونی یەکەم 2015
لەئاكامی بۆردومانكردنی بازاڕێك و گەڕەكێكی مەدەنی نشینی شارۆچكەی ئەریحای سەربە پارێزگای ئیدلیب باكووری سووریا لەلایەن فڕۆكەكانی جەنگی رووسیاوە، 40 كەس كوژران و 70ی دیكەش بریندار بوون.
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە پەیامنێری ئانادۆڵو لە بەرپرسانی بەرگری شارستانی شارۆچكەكە دەستی كەوتووە، لەئاكامی هێرشی فڕۆكەكانی جەنگی رووسیا بۆ سەر بازاڕێك و گەڕەكێكی مەدەنی نشین لە شارۆچكەی ئەریحا كە لە ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن دایە، 40 كەس كوژران كە منداڵیشیان تێدایە و 70 کەسی دیكەش بریندار بوون.
ئەو بەرپرسانە رایانگەیاندووە بریندارانی هێرشەكە براونەتە نەخۆشخانەی شارۆچكەكە و چارەسەریان بۆ دەكرێت.
هەورەها ئاماژیان بەوە داوە كە شوێنی هێرشەكان زیانی مادی زۆریان بەركەوتووە.
بەگوتەی ئەو بەرپرسانە تیمەكانی بەرگری شارستانی دوای هێرشەكان دەستیان بە گەڕان بەدوای بریندار و تەرمەكاندا كردووە لەژێر داروپەردووی بینا رووخاوەكاندا و مەترسی ئەوە دەكرێت ژمارەی قوربانییان هەڵكشان بەخۆیەوە ببینێت.
فڕۆكەكانی جەنگی رووسیا كە بە گوتەی مۆسكۆ لەچوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا چوونەتە سووریا، بەردەوام بۆردومانی ئەو ناوچانە دەكەن كە لە ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن دان لە شارەكانی حمس، حەما، حەلەب و ئیدلیب.
پێشتریش فڕۆكەكانی جەنگی رووسیا لە شارۆچكەی عزازی سەربە پارێزگای حەلەب هێرشیان كردبووە سەر ژمارەیەك ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر كە یارمەتی مرۆییان باركردبوو و لەئەنجامدا 7 كەس كوژران و 10ی دیكەش بریندار بوون. هەروەها 20 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر سووتان.