İbrahim Khazen,Safiye Karabacak
14 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 14 کانوونی یەکەم 2022
ئیستانبوڵ - AA
سوپای میسر، ئەوەی راگەیاند کە هێزە دەریاییەکانی میسر، دوای ئەوەی بووە فەرماندەی هێزی ١٥٣ی ئەرکی هاوبەش، لە دەریای سووردا ئەرکێکی نوێی نێودەوڵەتی لەئەستۆگرتووە.
گوتەبێژی سوپای میسر، عەقید غەریب عەبدولحافز، لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە هێزە دەریاییەکانی میسر بۆ یەکەم جار ئەرکی فەرماندەیی "هێزی ١٥٣ی ئەرکی هاوبەش"ی لە ئەستۆ گرتووە کە یەکێکە لە گرنگترین میکانیزمە هاوبەشەکانی بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکان لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.
عەبدولحافز، ئاماژەی بەوەشدا کە ئەم ئەرکەیان، لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و هەماهەنگییەکان لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی دۆست، لە ئەستۆ گرتووە. هەر لە چوارچێوەی ئەم ئەرکەشدا "لە دەریای سوور، گەرووی بابول مەندەب و کەنداوی عەدەن، بەرەنگاری قاچاغچێتی و تیرۆر، دەبنەوە".
گوتەبێژی سوپای میسر، ئەوەی نەخستەڕوو کە ئەرکەکەیان لە کێ وەرگرتووە، هەروەها دەربارەی رێوڕەسمی وەرگرتنی ئەرکەکە و ماوەی بەردەوامبوونی، هیچ وردەکارییەکی ئاشکرا نەکرد.
جێی وەبیرهێنانەوەیە ئەمریکا، پێشتر ئەوەی ئاشکرا کردبوو کە دوای هێزەکانی ١٥٠، ١٥١ و ١٥٢، لە نیسانی ٢٠٢٢دا هێزی ١٥٣ی ئەرکی هاوبەشیان دامەزراندووە کە وەک چوارەم هێز بەشداری هێزە دەریاییە یەکگرتووەکان (CMF) دەکات.
لە نیسانی ٢٠٢١دا میسر، بووە بەشێک لە هاوپەیمانی (CMF) کە هاوپەیامنییەکی سەربازیی فرەڕەگەزە و ٣٤ وڵات ئەندامن تیایدا، کەشتییەکانی ئەم هێزانە، ئاسایش و سەقامگیری هێڵە دەریاییە نێودەوڵەتییەکان، بەهێز دەکەن.