Atila Altuntaş
22 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 23 ئاب 2021
ستۆکهۆڵم - AA
لە ستۆکهۆڵم پایتەختی سوید، هاووڵاتییان رژانە سەر شەقامەکان و داوای ئازادکردنی دامەزرێنەری ماڵپەڕی ویکیلیکس، جولیان ئەسانج-یان کرد کە لەئێستادا لە شاری لەندەن زیندانی کراوە.
خۆپیشاندەران چەندین پانکارتیان بۆ پشتیوانیکردن لە جولیان ئەسانج بەرز کردبووە و دروشمی دژبە ئەمریکایان دەگوتەوە.
لە راگەیەندراوی خۆپیشاندانەکەشدا بانگەشەی ئەوە کراوە کە پێویستە لەبری دامەزرێنەری ویکیلیکس، هەریەکە لە بەریتانیا و ئەمریکا دادگایی بکرێن کە بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ تۆمەتبار کراون و هاتووە "بەهۆی ئاشکراکردنی تاوانەکانی جەنگی ئەمریکا و بەریتانیا لە عێراق و ئەفغانستان، ئەسانج زیندانی کراوە و لەئێستادا لەبەردەم هەڕەشەی مەرگدایە. بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئازادی رادەربڕین ژیانی ناوبراو دزراوە و بەو هۆیەوە نەخۆشە و زووتر لە تەمەنی خۆی پیر بووە. داوا لە هەموو جیهان دەکەین بۆ ئازادکردنی جولیان ئەسانج، بێنە سەر هێڵ".
ماڵپەڕی ویکیلیکس کە تایبەتە بە ئاشکراکردنی زانیاری و بەڵگەنامە نهێنییەکانی جیهان لە ساڵی ٢٠١٠دا، کۆمەڵێکی زۆر بەڵگەنامەی نهێنی ئاشکرا کرد کە ئەوە نیشان دەدەن ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان تاوانی جەنگی ئەنجامداوە.
ئەمریکا دامەزرێنەری ماڵپەڕی ویکیلیکس، جولیان ئەسانج بە سیخوڕیکردن تۆمەتبار کرد، هەربۆیە ناوبراو لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٢دا پەنای بردە بەر باڵیۆزخانەی ئیکوادۆر لە لەندەن.
ئیکوادۆر داوای پەنابەری جولیان ئەسانج-ی پەسەند کرد و لە کانوونی دووەمی ٢٠١٨دا، رەگەزنامەی پێدا.
دواتر لە ١١ی نیسانی ٢٠١٩دا و کاتێک جولیان ئەسانج لە باڵیۆزخانەی ئیکوادۆر هێندرایە دەرەوە، دەستبەسەر کرا و تا ئێستاش لە لەندەن لە بەندینخانەدایە.