Dildar Baykan Atalay
04 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 05 ئادار 2022
واشنتۆن- AA
سیناتۆری ئەمریکی سەربە پارتی کۆماریی، لیندسی گراهام لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بابەتێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هێمای بۆ "تیرۆرکردنی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین" کردووە.
لیندسی گراهام لە بڵاوکراوەکەیدا باسی لە بروتوس و ئەفسەر کلاوس ڤۆن شتاوفێنبێرگ، کردووە کە یەکەمیان ناپاکی بەرامبەر بە یولیوس قەیسەری ئیمپراتۆری رۆمانی کردووە و دووەمیشیان هەوڵی تیرۆرکردنی ئادۆڵف هیتلەری داوە.
ئەو سیناتۆرە ئەمریکییە نووسیویەتی "ئایا لە رووسیا هیچ بروتوس-ێک هەیە؟ یان لەناو سوپای رووسیادا ئەفسەرێکی سەرکەوتووی وەک کلاوس ڤۆن شتاوفێنبێرگ هەیە؟ تەنها رێگای وەستاندنی ئەم شەڕە لەناوبردنی ئەم پیاوەیە (پوتین). ئەم کارە دەبێتە خزمەتێکی زۆر گەورە بۆ وڵاتەکەتان و سەرجەم جیهان".
سیناتۆری کۆماریی، لیندسی گراهام جەختی لەوەشکردووەتەوە کە تەنها گەلی رووسیا دەتوانێت ئەم رەوشە ئاسایی بکاتەوە و نووسیویەتی "گوتنی ئاسانە، بەڵام ئەنجامدانی قورسە. باقی ژیانتان لە تاریکیدایە، ئەگەر ناتانەوێت بەشێوەیەکی دابڕاو لە جیهان و هەژار بژین. بکەونە خۆ".
ئەم بابەتەش لە ماوەیەکی کورتدا دەنگدانەوەیەکی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دروست کرد و وەک بانگەشەیەک بۆ تیرۆرکردنی پوتین، شرۆڤەی بۆ کرا.