Qais Omar Darwesh Omar
06 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 06 ئەیلوول 2022
جەنین – AA
لە ئاکامی تەقەی سەربازانی ئیسرائیل لە شاری جەنین باکووری کەناری رۆژئاوای داگیرکراو، کەسێک کوژرا و حەوتی دیکەیش برینداربوون.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی جەنین بە ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی فەڵەستینی راگەیاندووە "لە ئاکامی تەقەی هێزەکانی ئیسرائیلی داگیرکەر گەنجێک بە ناوی محەمەد موسا سەباعنە (٢٩ساڵ) گیانی لەدەستداوە و حەوت کەسی دیکەیش برینداربوون کە برینی یەکێکیان سەختە".
شایەتحاڵان بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵویان راگەیاند کە ژمارەیەکی زۆر لە سەربازانی ئیسرائیل بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە چەند قۆڵێکەوە، هەڵیان کوتاوەتە سەر شارەکە و دواتر باڵەخانەیەکیان گەمارۆ داوە.
دەیان فەڵەستینی بە مەبەستی رێگەگرتن لە هەڵکوتانە سەرەکە، بەردیان هاویشتووە و سەربازانی ئیسرائیلیش بە گوللەی راستەقینە و پلاستیکی وەڵامی فەڵەستینییەکانیان داوەتەوە، شایەتحاڵان ئاماژەیشیان بەوە دا لە میانی پێکدادانەکەدا، ژمارەیەک فەڵەستینیی چەکیان لە بەرامبەر سەربازانی ئیسرائیل بەکار هێناوە.