Mustafa Hatipoğlu
17 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 17 تەمووز 2023
ئیستانبوڵ - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بە سەردانێکی فەرمی بەرەو سعوودیە بەڕێکەوت.
ئەردۆغان کاتژمێر ١٤:٢٠ بە فڕۆکەی "TC-TRK" لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورکەوە بەرەو سعوودیە بەڕێکەوت.
سەرکۆماری تورکیا لەلایەن جێگری سەرکۆمار، جەودەت یڵماز و پارێزگاری ئیستانبوڵ، داوت گوڵ و سەرۆکی لقی ئیستانبوڵی ئاک پارتی، عوسمان نوری کاباکتەپە و بەرپرسانی دیکەوە بەڕێکرا.
لەو سەردانەیدا، هەریەک لە ئامینە ئەردۆغان هاوسەری سەرکۆمار و وەزیری دەرەوە، هاکان فیدان و وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکان، ئەلپارسان بایراکتار و وەزیری بەرگریی، یاشار گولەر و وەزیری پیشەسازیی و تەکنەلۆجیا، مەهمەت فاتیح کاجر و وەزیری بازرگانی، عومەر پۆڵات و سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆمار، فەخرەددین ئاڵتون و ژمارەیەک لە بەرپرسان یاوەری ئەردۆغان دەکەن.
سەرکۆماری تورکیا ئەردۆغان لە رۆژانی ١٧-١٩ی حوزەیراندا، سەردانی فەرمی بۆ هەر یەک لە وڵاتانی سعوودیە، قەتەر و ئیمارات ئەنجام دەدات و پێشبینی دەکرێت لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتانەدا چاو بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بخشێندرێتەوە بە هەموو رەهەندەکانییەوە، تاوتوێی هەوڵەکان بکرێت بۆ زیاتر پێشخستنی هاریکاری ئێستا لە کەرتە جۆراوجۆرەکان بەتایبەتی ئابووریی و پرۆژەکانی بواری وەبەرهێنان، بیروڕا ئاڵوگۆڕ بکرێت سەبارەت بە بابەتە جیهانیی و هەرێمییەکان.
دوای ئەو دیدار و کۆبوونەوانە، ئەردۆغان لە ٢٠ی تەمووزدا بەبۆنەی جەژنی ئاشتیی و ئازادییەوە، سەردانی کۆماری تورکی قوبرسی باکوور دەکات.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆماری تورکی قوبرسی باکوور بەشداری دەکات لەو رێوڕێسمە فەرمییەی سازدەکرێت و لەگەڵ سەرکۆماری وڵاتەکە، ئەرسین تاتار پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و دوایین پێشهاتەکانی پەیوەست بە قوبرس تاوتوێ دەکات و بەشداری دەکات لە کردنەوەی فڕگە و بینای نوێی تێرمیناڵی فڕۆکەخانەی ئەرجان.