Sarmand Hameed
23 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 23 کانوونی یەکەم 2022
هەولێر - AA
بڕیارە ئەمڕۆ هەینی ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، جۆرجیا میلۆنی لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانییەوە پێشوازیی بکرێت.
سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی ئیتالیا بۆ هەولێر دوای ئەوە دێت رۆژی ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، نامەیەکی ئاراستەی مەسرور بارزانی کرد بوو و بەڵێنی دابوو سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.
لە نامەکەیدا جۆرجیا میلۆنی ئاماژەی بەوە دابوو کە پەیوەندی دۆستانەی نێوان ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستان، مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە و هەردوولا هاوبەشن لە رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی بەردەم ئاسایش و سەقامگیریی و خواستی وڵاتەکەشی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات کردبوویەوە، بەتایبەتی پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و کشتوکاڵ و وزە.
لە نامەکەی جۆرجیا میلۆنی رایگەیاندبوو "چاوەڕوانم لە دەرفەتێکی نزیکدا بتانبینم و لەگەڵتاندا کۆببمەوە''.
لەو سەردانەی دا سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و لە هەمان کاتیشدا سەردانی هێزەکانی وڵاتەکەی دەکات کە لە چوارچێوەی هێزەکانی هاوپەیمانی دژی داعش لە هەرێمی کوردستاندا خزمەت دەکەن.
سەردانی سەرۆکوەزیرانی ئیتالیا، دوای ماوەیەک بەسەر سەردانی سهرۆكى ههنگاريا، کاتالین نۆڤاک دێت کە سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆبوویەوە و پاشان لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە شارۆچکەی عەینکاوە قوتابخانەیەکی کردەوە و دواتر سەردانی شارەدێی ئەلقوشی کرد.