Zana Natık Kerem
19 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 20 ئەیلوول 2022
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بە مەبەستی بەشدارییکردن لە کۆبوونەوەکانی خولی ٧٧ەمینی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرەو نیویۆرک بەرێدەکەوێت.
لەمبارەیەوە گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، حەسەن نازم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا راگەیاند کە مستەفا کازمی بەرەو نیویۆرک بەرێدەکەوێت، ئەوەیش بەمەبەستی بەشدارییکردن لە کۆبوونەوەکانی خولی ٧٧ەمینی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان.
ئاماژەی بەوەیشدا کە سەرۆکوەزیرانی عێراق زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی باڵای وڵاتان لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک ئەنجام دەدات و گوتی: "بەشدارییکردنی مستەفا کازمی لە لە کۆبوونەوەکانی خولی ٧٧ەمینی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، پێگەی عێراق لەسەر ئاستیی نێودەوڵەتییدا پتەوتر دەکات".
جەختیشی کردەوە لەسەر ئەوەی کە حکوومەتی عێراق سەرکەوتووبووە لە دۆسیەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و گوتی: "سەردانەکەی مستەفا کازمی بۆ نیویۆرک، بە لووتکەی ھەوڵە دیپلۆماسییەکانی حکوومەت ھەژمار دەکرێت".
پێشتر وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی خولی ٧٧ەمینی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، گەیشتبووە نیویۆرک.