Zana Natık Kerem
25 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 25 ئادار 2022
ھەولێر-AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لەچوارچێوەی سەردانەکەی بۆ ئوردن لەگەڵ شای ئەو وڵاتە، عەبدوڵڵای دووەم کۆبوویەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئوردن تاوتوێ کراوە، ھەروەھا لەبارەی چۆنێتی پتەوترکردنی ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو وڵات لەسەرجەم بوارەکاندا گفتوگۆکراوە.
باسی لەوەش کردووە کە لە دیدارەکەدا، پێشھاتەکانی قەیرانی ئابووریی سەر ئاستی جیھان، چۆنێتی رووبەڕبوونەوەی لێکەوتەکانی قەیرانەکە و ئاڵنگارییەکانی بەردەم ئاسایشی خۆراک لە رێگای ھەماھەنگیی باڵای نێوان وڵاتانی ناوچەکە، خراوەتە بەرباس.
نووسینگەی راگەیاندنی مستهفا كازمی راشیگەیاندووە، لە شاری عەقەبە باشووری ئوردن دیدارێک لە نێوان شای ئوردن، عەبدوڵڵای دووەم و سەرکۆماری میسر، عەبدولفەتاح سیسی و سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی و جێنیشی ئەبو زەبی و جێگری فەرماندەی باڵای ھێزە چەکدارەکانی ئیمارات، محەمەد بن زاید ئال نههیان و وەزیری دەوڵەت و ئەندامی ئەنجوومەنی وەزیرانی سعوودیە، تورکی بن محەمەد بن فەھەد بن عەبدولعەزیز سازکراوە.
ئاماژەی بەوەیش داوە کە لە دیدارەکەدا باس لە پتەوترکردنی کاری ھاوبەشی عەرەبی کراوە لەسەرجەم بوارەکاندا، بەتایبەتیش لە بواری کەمکردنەوەی کاریگەری قەیرانی ئابووریی لەسەر کەرتەکانی ئاسایشی خۆراک و وزە.

ھەر لە دیدارەکەدا، تیشک خراوەتە سەر ھەماھەنگیی باڵا و فراوانکردنی ھاریکاریی ئابووریی و زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بارزگانیی نێوان ئەو وڵاتانە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەیش داوە کە تاوتوێکردنی قەیرانە ھەرێمیی و نێودەوڵەتییەکان، ھەروەھا پتەوترکردنی ھەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان لەپێناو بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوون.
ئەمڕۆ ھەینی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بەسەردانێک گەیشتە ئوردن.