Sarmand Hameed
25 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 26 تشرینی یەکەم 2021
ھەولێر - AA
سەرۆکى هەرێمى کوردستان، نێچیرڤان بارزانى پێشوازیى لە باڵیۆزى کەنەدا لە عێراق، ئولریک شانۆن کرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە دیدارێکدا بەبۆنەى کۆتاییهاتنى ئەرکییەوە، نێچیرڤان بارزانى سوپاسى ئەرک و ماندووبوونى باڵیۆزى کەنەداى لە عێراق بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانى وڵاتەکەى لەگەڵ عێراق و هەرێمى کوردستان کردووە و هیواى سەرکەوتنى لە ئەرکى نوێیدا بۆ خواستووە.
باڵیۆزى کەنەدا لە عێراق دووپاتى کردەوە کە وڵاتەکەى بە بایەخەوە لە پەیوەندییەکانى لەگەڵ عێراق و هەرێمى کوردستان دەڕوانێت و هیواى خواستووە کە لە هەموو بوارەکاندە برەو بە پەیوەندییەکان بدرێت.
تاوتوێکردنى هەڵبژاردنى عێراق و بەشداریى چاودێرانى کەنەدى لە پرۆسەى دەنگداندا، هەڵوێستى لایەنە کوردستانییەکان و تێڕوانین بۆ رەوشى دواى هەڵبژاردن، پرۆسەى پێکهێنانى حکوومەتى فیدراڵیی عێراق، پرسى ئازادییەکان و ئازادیى رادەربڕین و راگەیاندن لە هەرێمى کوردستان، چەند تەوەرێکى دیکەى دیدارەکە بوون کە بەرپرسى نووسینگەى باڵیۆزخانەى کەنەدا لە هەولێر ئامادەى بوو.