Dildar Baykan
15 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 15 تەمووز 2020
واشنتۆن - AA
سەرۆكى ئەمريكا، دۆناڵد ترەمپ بەهۆى ياساى ئاسايشى نيشتمانیی كە بەسەر ناوچەی کارگێڕی تایبەتی هۆنگ کۆنگ سەربە چین سەپێنراوە، پرۆژە ياسايەكى پەسەند كرد كە چين بە بەرپرس دەزانێت و مەرسومێكى سەرۆكايەتى دەربارەى هەڵگرتنى تايبەتمەندييەكانى سەر هۆنك كۆنگ-ى واژوو كرد.
دۆناڵد ترەمپ لەو كۆنگرە رۆژنامەوانيەدا كە لە باخچەى كۆشكى سپى بەڕێوەچوو و تەوەرى سەرەكى ئەو هەنگاوە نوێيانە بوو كە دژبە چين لە بارەى هۆنك كۆنگ-ەوە دەيگرێتە بەر گوتى:
"ئەمڕۆ پرۆژەياسايەك و مەرسومێكى سەرۆكايەتيم واژوو كرد كە چين بە بەرپرس دەزانێت لە بەرامبەر سياسەتى فشار خستنە سەر دانیشوانی هۆنك كۆنگ".
سەرۆكى ئەمريكا ئەوەى وەبيرهێنايەوە كە چۆن ئەو پرۆژەياسا پێشنيازكراوەى سەبارەت بە جێبەجێكردنى سزاى ئابووریى لەسەر سەرجەم ئەو بانكانەى كە كار لەگەڵ ئەو بەرپرسە چينييانە دەكەن كە ياساى ئاسايشى نيشتمانييان لەسەر هۆنك كۆنگ سەپاندووە لە كۆنگرێس بە پاڵپشتييەكى گەورەوە تێپەڕى و گوتى: "ئەمڕۆ من ئەم مەرسومەم واژوو كرد. ئەم مەرسومە، رێكارى نوێمان بۆ دابين دەكات بۆ بە بەرپرسياركردنى ئەو كەس و دامەزراوانەى كە ئازادييان لە هۆنك كۆنگ سەندووەتەوە".
سەرۆكى ئەمريكا، دۆنالد ترەمپ ئاماژەى بەوەیش كرد كە لە نزيكەوە چاودێرى دۆخى هۆنگ كۆنگ دەكات و رایگەیاند کە دۆخى ئەو ناوچەیە هيچ باش نييە و گوتى: "ئازادى لە دانیشتوانی هۆنك كۆنگ سەندراوەتەوە و چيتر ناتوانێت ركابەرى بكات لە بازاڕى ئازاددا. گومانم لەوە نييە كە خەڵكێكى زۆر هۆنك كۆنگ جێدەهێلن".
دۆناڵد ترەمپ ئەوەیشى راگەياند كە ئەمريكا و هۆنك كۆنگ، كارێكى زۆريان پێكەوە كردووە و ئەمریکا تايبەتمەندى زۆری بە هۆنك كۆنگ داوە و گوتى: "مەرسومێكم واژوو كرد كە كۆتايى بەو تايبەتمەندييانە دەهێنێت كە داومانە بە هۆنك كۆنگ. لەئێستاوە هۆنك كۆنگ هەمان مامەڵەى چينى لەگەڵ دەكرێت. هيچ تايبەتمەندييەك و مامەڵەيەكى تايبەتى ئابووریی نابێت".