Sarmand Hameed
18 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 18 تشرینی دووەم 2017
بەیروت - AA
سەرۆکوەزیرانی دەستلەکارکێشاوەی لوبنان، سەعد حەریری بەیانی ئەمڕۆ شەممە لە سعوودیەوە گەیشتە فەڕەنسا.
کەناڵی تەلەڤیزیۆنی"المستقبل" سەر بەو رەوتەیە کە حەریری سەرۆکایەتی دەکات، رایگەیاندووە کە فڕۆکەکەی حەریری لە فڕۆکەخانەی لۆبورژيه-ی باکووری پاریس نیشتووەتەوە.
بریارە لە میانی سەردانەکەی بۆ پاریس، حەریری لە کۆشکی ئیلیزێ لەگەڵ سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن کۆببێتەوە.
دوێنێ هەینی ماکڕۆن رایگەیاند کە پێشوازی لە حەریری دەکات بە سیفەتی سەرۆکوەزیرانی لوبنان.
رۆژی چواری ئەم مانگە لە سعوودیەوە لە گوتارێكی تەلەڤیزیۆنیدا، سەعد حەریری دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە پۆستی سەرۆكوەزیرانی لوبنان راگەیاند، هەروەها هۆكاری بڕیارەكەی بۆ هەوڵەكانی ئێران بۆ دەستبەسەرداگرتن و سەپاندنی هەژموونی بەسەر لوبنان گەڕاندەوە، دوای ئەوەی حزبوڵڵا بەزەبری چەك ئەمری واقیعی خۆی سەپاند.
لە گوتارەكەیدا، هەروەها سەعد حەریری ئێرانی بە نانەوەی فیتنە تۆمەتبار كرد و ئاماژەی بەوە كرد كە ئێران چووبێتە هەر وڵاتێكی عەرەبییەوە بووەتە هۆكاری وێرانكاری بۆ ئەو وڵاتە.