ئیستانبوڵ - AA
دۆزی فەڵەستین یەکێکە لە گرنگترین ئەو بابەتانەی کە خراوەتە نێو ئەجیندای سیاسەتی دەرەوەی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن، بە پێچەوانەی ئەو بڕیارە قورسانەی کە لەدژی فەڵەستین لەژێر فشاری لۆبی ئیسرائیلی دەرکراوە کە لەسەردەمی ترەمپ-دا دەسەڵاتیان بەسەر سیاسەتی ئەمریکا سەپاندبوو، بەڵام ئەوە دەبینرێت کە لەسەردەمی بایدن-دا، کەشێکی ئەرێنی بەسەر دۆخەکەدا باڵی کێشاوە، بەڵام نابێت بەم کەشە ئەرێنییە ھەڵبخەڵەتێن و بڵێن پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئیسرائیل و سیاسەتەکانی لەبەرامبەر دۆزی فەڵەستین لە رەگەوە دەگۆڕێت.
پێش ئەوەی ھەڵسەنگاندن بۆ حکوومەتی نوێی ئەمریکا بەسەرۆکایەتی جۆ بایدن لە بارەی دۆزی فەڵەستین-وە بکەین، پێویستە سیاسەتی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە بارەی ئەم دۆزە وەبیربھێنینەوە. لەم چوارچێوەیەدا، دەبێت ئەوە بڵێین کە ترەمپ لە رێگەی دەرکردنی سێ بڕیاری ھەستیارەوە بە ئاشکرا سیاسەتی ھەڵکشانی ئاڵۆزییەکانی گرتەبەر.
یەکەمیان، بڕیاری گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بوو لە تەل ئەبیب-وە بۆ قودس. ئەو بڕیارەی کە ھیچ سەرۆکێکی ئەمریکا نەیتوانی دەری بکات کە لە شەشی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧ و لە ئەنجامی ھەوڵەکانی زاوا و گەورە راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ، گێرد کۆشنەر کە پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ لۆبی ئیسرائیلیدا ھەیە، دەرکرا. لە دوای ئەم بریارەی کە بۆ ناساندنی قودس وەکو پایتەختی ھەتاھەتایی ئیسرائیل دەرکرا، ئیدارەی ترەمپ، داوای لە وڵاتانی دیکەش کرد کە ھەنگاوی لەو جۆرە بنێن، بەڵام تا ئێستا، ژمارەیەکی کەمی وڵاتان ئەم داواکارییەی ئەمریکایان بەجێگەیاندووە. بەو ھەڵە ستراتیجییەی کە مەحاڵە چاکبکرێتەوە، نەک تەنھا خەڵکی بێتاوانی فەڵەستین، بەڵکو ھەستیاری سەرجەم موسڵمانانی بە ھیچ ھەژمارکرد. لە رێگەی ئەو بڕیارەوە ئیدارەی ئەمریکا رۆڵی بەناو "نێوەندگیری" لەنێوان ھەردوولا لەدەستدا و گورزێکی کوشندەی دا لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ فەڵەستین، ھاوکات ئیدارەی فەڵەستین وەکو نیشاندانی ناڕەزایەتی لەبەرامبەر ئەمریکا بڕیاری پچڕاندنی پەیوەندییەکانی دەرکرد. دوابەدوای ئەمەش، ئیدارەی ترەمپ لە ١٠ی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٨دا، بڕیاری داخستنی نووسینگەی رێکخراوی رزگاریخوازی فەڵەستین کە لە ساڵی ١٩٩٤وە لە واشنتۆن کراوەتەوە دەرکرد. ناساندنی قودس بە پایتەختی هەمیشەیی ئیسرائیل لەلایەن ئیدارەی ترەمپ، باوەڕکردن بە چارەسەری دوودەوڵەتی بەرەو لاوازی برد.
دووەم، بریتی بوو لە بڕیاری ئیدارەی ترەمپ لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٨دا بۆ راگرتنی ئەو ھاوکارییانەی کە پێشکەشی ئاژانسی فریاگوزاری و کارپێکردنی پەنابەرانی فەڵەستینی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان کە بە ئونروا ناسراوە. ھۆکاری پشت بڕیارەکەی ئیدارەی ترەمپ ئەوە بوو کە ئاژانسەکە گرفتی ھەیە لە شێوازی کارکردندا، بەڵام ئەم بڕیارە لای رای گشتیی نێودەوڵەتی وەک رەھەندێکی نوێی پشتیوانییکردن لە ئیسرائیل لەلایەن ئەمریکاوە، لێکدرایەوە. دەستبەجێ لەدوای ئەم بڕیارە، ئیدارەی ترەمپ کاردنەوەی نیشاندا لەبەرامبەر بڕیاری رێکخراوی یونیسکۆ سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ زیادکردنی شاری دێرین لە شاری خەلیل-ی فەڵەستین بۆ نێو لیستی شوێنەوارەکانی جیھان.
لە پاش ئەوەش دۆناڵد ترەمپ لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٩دا و پێکەوە لەگەڵ ئیسرائیل، بڕیاری کشانەوەیان لە یونیسکۆ دا. بڕیارەکە کە بەمەبەستی دڵنیایی دان بە ئیسرائیل و لۆبی جوولەکەکان لە ئەمریکا دەرکرابوو، وەک نیشانەیەکی بەرجەستەی شێوازی سیاسەتی پۆپۆلیستی ھەڵسەنگێنرا.
سێیەم، بریتییە لە بەناو "گرێبەستی سەدە" کە دۆناڵد ترەمپ بە بانگەشەی ئەوەی چارەسەری ھەمیشەیی ناکۆکی ئیسرائیل-فەڵەستین دەکات، ھێنایە بەرباس. ترەمپ لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٠دا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاھو سازیکرد، بەناو پلانی ئاشتی لەبارەی ناکۆکییەکان ئاشکراکرد، بەڵام ئەوەی کە لە پرۆژەکەدا قودس لەڕووی کارگێڕییەوە سەربە ئیسرائیل بێت و تەنھا بەشێک لە خاکی قودس لە خۆرھەڵاتی شارەکە بدرێت بە فەڵەستینییەکان و فەڵەستین ھێزی سەربازیی نەبێت و جێکردنەوەی ژمارەیەک ماددە تیایدا کە لەلایەن فەڵەستینییەکانەوە قبوڵنەکراو بوو، ئەوەی ئاشکراکرد کە پلانەکە بەڕوونی خزمەت بە فراوانخوازیی ئیسرائیل دەکات. ئەم ھەوڵە کە کوشنەر لە پشتییەوە بوو، ئەگەرچی ھەوڵی زۆر لەلایەن ئیدارەی ئەمریکاوە درا بۆ ئەوەی وەک پلانێکی بێتاوانانە نیشانبدرێت، بەڵام لە دیدی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە وەک "ناپاکی سەدە" لێکدرایەوە. لەو نێوەندەشدا ھەندێک چین بە زانین یان نەزانین، ھەوڵیاندا دۆزی فەڵەستین و قودس لە یەکتری جیابکەنەوە و بەشێوەیەکی سەربەخۆ مامەڵەیان لەگەڵ ئەو دوو پرسەدا کرد، بەڵام ئەم ھەڵوێستە جگە لە سیاسەتی فراوانخوازی ئیسرائیل، خزمەت بە ھیچ شتێکی دیکە ناکات. ھەربۆیە ناکرێت دۆزی فەڵەستین و پێگەی قودس، بە جیا بیریان لێبکرێتەوە.
- ھەنگاوەکانی ئاساییکردنەوە لای ئیدارەی جۆ بایدن
لەلایەکی دیکەوە ئەو نەخشەیەی کە ئیدارەی جۆ بایدن کە دەسەڵاتی لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ-وە بۆ گواستراوەتەوە، سەبارەت بە دۆزی فەڵەستین کێشاویەتی، کەمێک ئەرێنیترە. لەوبارەیەشەوە سەرەڕای ئەوەی جۆ بایدن ھێشتا لە دەسەڵاتدا نوێیە، راگەیاندنی ئەوەی کە ھەوڵدەدات بۆ چارەسەر لەسەر بنەمای دوودەوڵەت لەنێوان فەڵەستین و ئیسرائیلدا و دەست بە ھاوکارییەکان کە لە سەردەمی ترەمپدا بڕدرابوون، دەکاتەوە، گرنگە لەڕووی دووبارە بنیاتنانەوەی پەیوەندییەکان. بەوشێوەیەش سەرۆکی فەڵەستین، مەحمود عەباس ئاشکرایکرد ئەگەر بێت و ئیدارەی بایدن ئەو بەڵێنانە بەرێتەسەر کە سەبارەت بە دۆزی فەڵەستین داویەتی، ئەوا پەیوەندییە پچڕاوەکانی نێوان ھەردوو لا ئاسایی دەکەنەوە.
ئیدارەی جۆ بایدن لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا لە مانگی ئاداری رابردوودا، ١٥ ملیۆن دۆلاری وەک ھاوکاریی مرۆیی دا بە فەڵەستینییەکان و لە حەوتی نیسانیشدا، ٧٥ ملیۆن دۆلاری بۆ گەشەپێدانی کەرتی غەززە و کەناری خۆرئاوا تەرخان کرد، هەروەها ١٥٠ ملیۆن دۆلاریشی بۆ پرۆگرامەکانی ئونروا دەستەبەرکرد، ئەمانە وەک ھەنگاوگەلێک بە ئاراستەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو لا تەماشا دەکرێن. لە راپۆرتی مافەکانی مرۆڤدا کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٠دا بڵاویکردەوە ھاتووە "ئەوە راستییەکی مێژووییە کە ئیسرائیل کەناری خۆرئاوا، غەززە و جۆلانی داگیرکردووە" وەک بەشێک لە پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان تەماشا دەکرێت.
لەسەروو ئەو ھەنگاوە گریمانەکراوە نوێیانەی کە رەنگە ئیدارەی بایدن لە پێناو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا-فەڵەستین، بیھاوێژێت، بریتییە لە کۆبوونەوەی جۆ بایدن و مەحمود عەباس-ە. لانیکەم کردنەوەی کۆنسولخانە لە قودسی خۆرھەڵات بۆ فەڵەستینییەکان، سەرلەنوێ کردنەوەی ئۆفیسی رێکخراوی رزگاریخوازی فەڵەستین لە واشنتۆن و دەستکردن بە ھەوڵی دیپلۆماتی چالاک لە پێناو چارەسەر لەسەر بنەمای دوو دەوڵەت، خاوەنی گرنگییەکەی چارەنووسسازن بۆ نۆژەنکردنەوەی پەیوەندییەکان. بە ھەمان شێوە پاشگەزبوونەوە لە بڕیارەکەی پەیوەست بە یونیسکۆ کە بەرھەمی ھەڵوێستێکی پۆپۆلیستی پوختە و فشارخستنە سەر ئیسرائیل بۆ راگرتنی ناوچە نایاساییە جوولەکەنشینەکان، ھەنگاون بە ھەمان ئاراستە. تەنھا لە ھەلومەرجێکی لەوشێوەیەدا رۆژەڤێکی راستەقینە بۆ چارەسەرکردنی پرسی فەڵەستین دێتە ئاراوە.
- چاوەڕوان ناکرێت ئەو سیاسەتانەی کە پەیڕەوکراون گۆڕانکاری ریشەیی-یان بەسەردا بێت
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بڵینکن لەدوای وەرگرتنی پۆستەکەی لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی پرسی فەڵەستین، ئاماژەی بەوەکرد کە حکوومەتی نوێ بەردەوام دەبێت لە ناساندنی قودس وەکو پایتەختی ئیسرائیل. ئەنتۆنی بڵینکن لەگەڵ ئەمەشدا لە دژی ئەو بڕیارەی کە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە پێنجی شوباتی ٢٠٢١ لەبارەی ھەبوونی دەسەڵات بۆ لێکۆڵینەوە لەو تاوانانەی کە لە غەززە، کەناری رۆژئاوا، قودسی رۆژھەڵات و بەشەکانی دیکەی خاکی فەڵەستین وەستایەوە. بە پشتبەستن بەھەردوو بەیاننامەکە، ئەوە دەردەکەوێت کە ئیدارەی بایدن نایەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل تێکبدات و بەتەواوی ئەو بەرپرسیارێتیەی کە لە پرسی فەڵستین دەکەوێتە ئەستۆی بەجێ ناگەیەنێت. لەگەڵ ئەمانەشدا، کاتێک کە ئەوەمان وەبیربێتەوە کە بایدن لەو کاتەی کە جێگری سەرۆکی ئەمریکا، باراک ئۆباما بوو، گوتی: "ئەگەر ئیسرائیل نەبوایە، ئەوا ناچار دەبووین ئیسرائیلێکمان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دروستکردبایە"، ئەوە دەبێت چاوەڕوانییەکان دەربارەی فەڵەستین لە سەردەمی بایدن، بە سنووردار وەربگرین.
لە ئەنجامی ئەمەدا، لەبەر ئەوەی پەیوەندییە ستراتیجییەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئیسرائیل و ھەڵوێستی لە بەرامبەر پرسی فەڵەستین سیاسەتی دەوڵەتە و لەسەرووی حکوومەتەکانەوەیە، ئەوا چاوەڕوان ناکرێت ئەو سیاسەتانەی کە پەیڕەوکراون گۆڕانکاری ریشەیی-یان بەسەردا بێت. لێرەدا، ئاماژەیەکی گرنگ ھەیە بە تایبەتی لەسەر ئەو بڕیارەی کە ئیدارەی ترەمپ لەسەر گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ قودس داوێتی لەلایەن ئیدارەی بایدن-وە جێبەجێکراوە. لەلایەکی دیکەوە، پێشبینی ئەوە دەکرێت کە ئەو ھەڵوێستە توندەی کە لەسەردەمی ترەمپ-دا لە بەرامبەر فەڵەستین بەرپاکرابوو، لەسەردەمی بایدن کەمببێتەوە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و فەڵەستین و وردە وردە بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش ترەمپ. لێرەدا بەتایبەتی، ھەنگاوی کرداری ئەوە لە ئیدارەی بایدن دەکرێت کە دووبارە ئەو ھاوکارییانەی کە لە سەردەمی ترەمپ ھەڵپەسێردرابوو چالاک بکاتەوە و ھاوکاری دارایی بۆ فەڵەستین بخاتەوەگەڕ، ئەمەش چاوەروانییەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان زیاددەکات. ھەربۆیە، کاتێک کە ھەڵسەنگاندن بۆ ھەردوو دۆخەکە پێکەوە دەکرێت، دەتوانین ئەوە بڵێین کە لە سەردەمی بایدن-دا، گەشبینییەکی بەوریایی لە پرسی فەڵەستین و پەیوەندییەکانی ئەمریکا و فەڵەستین باڵ بەسەر دۆخەکەدا دەکێشێت.
حاجی محەمەد بۆیراز
بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان
زانکۆی ساکاریا
محەمەد ئەلرانتیسی
بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان
زانکۆی غازی
news_share_descriptionsubscription_contact

