Islam Doğru
19 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 19 حوزەیران 2021
نیویۆرک- AA
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە شەپۆلێکی بەهێزی گەرما ویلایەتەکانی رۆژئاوای ئەمریکا-ی گرتووەتەوە و تا ئێستاش بەردەوامە.
خزمەتگوزاری کەشناسی ئەمریکا، هۆشداری لەوەدا ئەو شەپۆلە بەهێزەی گەرما کە رۆژئاوا و باشووری وڵاتی گرتووەتەوە مەترسی ئەوەی هەیە ببێتە هۆی گیانلەدەستدان.
هەروەها لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا کە زۆرترین کاریگەری شەپۆلی گەرماکەی لەسەرە "دۆخی لەناکاو" راگەیەندراوە.
لەو بارەیەشەوە پارێزگاری کالیفۆڕنیا، گاڤین نێوسەم ئەوەی ئاشکرا کرد کە پلەی گەرما لە ناوەندی ویلایەتەکەدا گەیشتوەتە ٤٣ پلە و ئەمەش مەترسی لەسەر سیستمی کارەبا دروست کردوە هەربۆیە دۆخی لەناکاو لەو ویلایەتەدا راگەیەندراوە.
زانای کەشناسی لە زانکۆی کالیفۆڕنیا، پارک ویلیامس لەو بارەیەوە لێدوانێکی بۆ کەناڵی "CNN"دا و باسی لە وشکەساڵی ناوچەکە کرد و رایگەیاند: "شەپۆلێکی زۆر بەهێزی گەرما لە ناوچەکانی رۆژئاوایە، بەهۆی وشکی زەویشەوە رەوشەکە تابێت خراپتر دەبێت. ئەگەر هەیە هەتا کۆتایی هاوین ٤-٥ شەپۆلی گەرمای بەهێزی لەمشێوەیە ببینین".
جگە لە کالیفۆڕنیا لە ویلایەتەکانی ئاریزۆنا، ئوتاه، مۆنتانا و ئیداهۆ پلەی گەرما گەیشتووەتە بەرزترین پلەی رۆژانە و مەترسی ئەوەش هەیە کە لە کۆتایی هەفتەدا شەپۆلی گەرماکە بگاتە ئاستێکی مەترسیدار.