Zana Natık Kerem
28 تەمووز 2019•نوێکردنەوە: 29 تەمووز 2019
بەغدا ــ AA
وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند کە گەورەترین بنکەی تایبەت بە ھێزی دەریایی لە پارێزگای بەسرە بنیات دەنێت.
وەزارەتی بەرگریی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە کە وەزیری بەرگریی، نەجاح شممەری بە یاوەری وەزیری گواستنەوە، عەبدوڵڵا لعێبی و سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد رەزا و یاریدەدەری سەرۆک ئەرکانی سوپا، فەریق روکن عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا لەگەڵ ژمارەیەک لە گەورە ئەفسەرانی وەزارەتی بەرگریی سەردانی پارێزگای بەسرە کردووە.
بەپێی راگەیەندراوە لە میانی سەردانەکەدا شاندەکە لەگەڵ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەسرە، فەریق روکن قاسم نزال و فەرماندەی ھێزی دەریاوانیی، فەریق رومن ئەحمەد جاسم مەعارج کۆبووەتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری بەرگریی عێراق، نەجاح شممەری گوتی: "گرنگی زیاتر بە دامەزراوە سەربازییەکانی سوپا دەدەین و بۆ ئەو مەبەستەش گەورەترین بنکە تایبەت بە ھێزی دەریایی لە بەسرە بنیات دەنرێت".
وەزیری بەرگریی عێراق، ھیچ وردەکاری و زانیارییەکی سەبارەت بە بیناتنانی بنکەکە نەخستەڕوو.