Zana Natık Kerem
04 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 05 تەمووز 2023
ھەولێر – AA
حکوومەتی عێراق رایگەیاند کە بەتوندی پەلامارەکانی ئیسرائیل بۆسەر شاری جەنین لە کەناری رۆژئاوای داگیرکراو سەرکۆنە دەکات و داوایشی لە ھێزە ئاشتیخوازەکان کرد کە کار بکەن بۆ راگرتنی پەلامارەکانی ئیسرائیل بۆسەر جەنین.
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، باسم عەوادی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە "حکوومەت و گەلی عێراق بەتوندی تاوانەکانی زایۆنیزمی داگیرکەر بۆسەر شاری جەنین لە کەناری رۆژئاوا سەرکۆنە دەکات کە لە ئەنجامدا بەدەیان فەڵەستینی بوونەتە قوربانی".
راشیگەیاندووە "بەردەوامبوونی قەوارەی زایۆنیزمی داگیرکەر لەسەر ئەم ھەڵسوکەوتە شەڕانگێزانەی، بەبێ پەرپەرچدانەوەی بەپشتگوێخستنی لەلایەن زلھێزەکانەوە، ھەروەھا بەزاندنی سنوورەکانی خۆی، کردارێکە کە دەبێتە ھۆی ناسەقامگیریی و ئاسایش لە ناوچەکە، بۆیە پێویستە سەرجەم ھێزە ئاشتیخوازەکان، دەستە و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان رووبەڕووی ئەو ھەڵسوکەوتانەی زایۆنیزمی داگیرکەر ببنەوە کە دژبە یاسا و داب و نەرێتە نێودەوڵەتییەکانە، ھەروەھا یاساکانی مافی مرۆڤیش پێشێل دەکات".
باسم عەوادی جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە ھەڵوێستی عێراق بەرامبەربە مافی رەوای فەڵەستینییەکان نەگۆڕە، ھەروەھا عێراق دەستدرێژییەکان بۆسەر خاکی فەڵەستین رەت دەکاتەوە و پاڵپشتی لە مافی رەوای فەڵەستین دەکات بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی نیشتمانیی سەربەخۆ.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ھاتووە "داوا لە سەرجەم ھێزە ئاشتیخوازەکانی جیھان دەکەین کە کار بکەن بۆ راگرتن ئەو کارە دوژمنکارانەی زایۆنیزم بۆسەر خاکی فەڵەستین و سەرکۆنەی بکەن، چونکە جۆرێکە لە تیرۆر و زیان بەو ھەوڵانە دەگەیەنێت کە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکە خراونەتەگەڕ".
لە دوێنێ دووشەممەوە، سوپای ئیسرائیل زنجیرەیەک ھێرشی بۆسەر کەمپی جەنین لە کەناری رۆژئاوا ئەنجامداوە کە لە ئاکامدا، نۆ فەڵەستینی کوژراون و ١٠٠ فەڵەستینی دیکەیش بریندار بوون.