Zana Natık Kerem
12 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 13 حوزەیران 2023
ھەولێر – AA
سەرکۆماری عێراق، عەبدوللـەتیف رەشید لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ رۆما لەگەڵ سەرکۆماری ئیتاڵیا، سێرجیۆ ماتاریلا کۆبوویەوە
دوای کۆبوونەوەکەیش، عەبدوللـەتیف رەشید و سێرجیۆ ماتاریلا بە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەشیان ئەنجامدا.
سەرکۆماری عێراق، عەبدوللـەتیف رەشید لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا ئامانجی سەردانەکەی بۆ ئیتاڵیا خستەڕوو و رایگەیاند کە ئەمە یەکەمجارە سەردانی ئیتاڵیا دەکات کە لە میانیدا لەگەڵ سەرکۆماری ئەو وڵاتە، سێرجیۆ ماتاریلا کۆبوویەوە و گوتی: "ئامانج لە سەردانەکەم بۆ ئیتاڵیا، پەرەپێدانە بە کاری ھاوبەشی نێوان ھەردوو وڵات لە بوارە، سیاسیی، ئابووریی و رۆشنبیرییەکان".
عەبدوللـەتیف رەشید ئاماژەی بەوەیشدا لە کۆبوونەوەکەدا، سوپاسی ئیتاڵیای کردووە لەهەمبەر ھاریکاریکردنی عێراق لە شەڕبە تیرۆردا.
سەرکۆماری عێراق داوای لە کۆمپانیا ئیتاڵییەکان کرد کە بۆ کاری وەربەهێنان روو لە عێراق بکەن و گوتی: "لەئێستادا، دەرفەتی زۆر لە بواری وەبەرھێناندا بۆ کۆمپانیا ئیتاڵییەکان لە عێراق رەخساوە، بەتایبەتی کە ئێستا ئاسایش و سەقامگیریی لە عێراق بەرقەرارە، ھەروەھا حکوومەتی عیراق کار دەکات لە پێناو پێشکەشکردنی خزمەتگوازییەکان، دابینکردنی ئاو کارەبا، ھەروەھا دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی کە بەھۆی شەڕەکانی دژبە تیرۆر زیانیان بەرکەوتووە".
لای خۆیەوە سەرکۆماری ئیتاڵیا، سێرجیۆ ماتاریلا رایگەیاند کە ھەوڵدەدەن ھاریکارییە ھاوبەشەکانیان لەگەڵ عێراق پتەوتر بکەن، بە تایبەتی لە بواری ئابوورییدا.
سێرجیۆ ماتاریلا باسی لە رۆڵی گرنگی عێراق کرد لە ناوچەکە و گوتی: "عێراق ناوەندێکی گرنگی سەقامگیرییە لە ناوچەکە".
دوێنێ یەکشەممە، سەرکۆماری عێراق، عەبدوللـەتیف رەشید بەسەردانێک گەیشتە ئیتاڵیا.
ئیتاڵیا لەچوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش، ٩٠٠ سەرباز و راوێژکاری لە عێراق و ھەرێمی کوردستان بڵاوکردووەتەوە کە ئەرکیان پێشکەشکردنی راوێژ و مەشق و راھێنانە بە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق و ھێزەکانی پێشمەرگە.
هەروەها کۆمپانیای "ENI"ی ئیتاڵی کە یەکێکە لە کۆمپانیا گەورەکانی نەوتی جیھان لەچوارچێوەی گرێبەستێکدا لەگەڵ حکوومەتی عێراق بە ھاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیایەکی نەوتی کۆریای باشوور و کۆمپانیایەکی نەوتی ئەمریکی، کاری پەرەپێدان لە کێڵگەی نەوتی زوبێر لە پارێزگای بەسرە باشووری عێراق دەکەن.