Dildar Baykan
27 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 28 شوبات 2021
واشنتۆن - AA
گوتەبێژی کۆشکی سپی، جێن پساکی، ئاشکرایکرد پێش ئەنجامدانی ھێرشە ئاسمانییەکانی دوێنێ شەوی سوپای ئەمریکا بۆ سەر میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە سووریا، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (Pentagon) زانیاری بە بەرپرسانی کۆنگرێس داوە دەربارەی ئەوەی کە ئەم ھێرشە پەیوەندی بە ھێرشەکانی عێراقەوە ھەیە.
پساکی، کە لە کاتی سەردانەکەی سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن، بۆ تێکساس، لەناو فڕۆکەکەدا روونکردنەوەی دەدا بە رۆژنامەنووسان، بۆ یەکەم جار باسی ئۆپەراسیۆنەکەی دوێنێ شەوی کرد.
پساکی، گوتی: "پێنتاگۆن، پێش ئەم ئۆپەراسیۆنە، زانیاری داوە بە بەرپرسانی کۆنگرێس. ئیدارەش، ئەمڕۆ لەسەر چەند ئاستێکدا زانیاری بە کۆنگرێس داوە. لە ھەفتەی داھاتووشدا دانیشتی نھێنی ئەنجامدەدرێت".
پساکی، لەوەڵامی پرسیاری ئایا ئەمریکا لە رێگەی ئۆپەراسیۆنەکەی سووریاوە چ جۆرە پەیامێکی ئاراستەی ئێران کردووە، گوتی "سەرۆک بایدن، پەیامێکی روون دەنێرێت لە بارەی ئەوەی کە بۆ پاراستنی گەلی ئەمریکا رێکار دەگرێتەبەر".
پساکی، ئەوەشی راگەیاند کە ئۆپەراسیۆنەکە "ھێرشێکی رێژەیی" بووە.