Heman Hussein Yaseen
20 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 21 ئەیلوول 2021
ههولێر - AA
کۆنسولی گشتیی ئەمریکا لە ھەولێر، رۆبەرت پالەدینۆ و وەزیری پێشمەرگە، شۆڕش ئیسماعیل تاوتوێی دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و مەترسییەکانی ئێستای تیرۆریستانی داعش و ھەنگاوەکانی پڕۆسەی چاکسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە و پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراقیان كرد.
ئەمڕۆ ٢٠ی ئەیلوولی ٢٠٢١، وەزیری پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان، شۆڕش ئیسماعیل پێشوازیی لە کۆنسولی گشتیی ئەمریکا لە ھەولێر، رۆبەرت پالەدینۆ و راوێژکاری باڵای سەربازیی ھێزەکانی ئەمریکا لە ھەولێر، کۆلۆنێڵ دۆگلاس کرد.
بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی پێشمەرگە لە کۆبونەوەیەکەدا، وەزیری پێشمەرگە رایگەیاندووە "ئەمریکا و ھێزەکانی ئەو وڵاتە بەدۆستی سەرەکی خۆمان و ھێزی پێشمەرگە دەزانین و خوازیاری ئەوەین کە پێکەوە لە بنبڕکردنی تەواوەتی تیرۆریستان بەردەوام بین لە پێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق و ھەرێم و ناوچەکە''.
راگەیەنراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەیش کردووە کە کۆنسولی گشتیی ئەمریکا لە ھەولێر، روونی کردووەتەوە "ئەمریکا شانازی بەدۆستەکانیەوە دەکات و قارەمانێتی ھێزی پێشمەرگە بەرز دەنرخێنیت و شەڕەفمەند و پابەندین بە ھاوکاری و ھەماھەنگییەکانمان لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم و ھێزی پێشمەرگە''.
راگەیەنراوەکە ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە وەزیری پێشمەرگە لەسەر پرسی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا ئاشکرای کردووە کە ھەنگاوی باش چوونەتە پێشەوە و بۆ بەردەوامبوونیشی پێویسییمان بەھاوکاری و یارمەتییەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانان و رێککەوتنی سیاسیی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان ھەیە.
هەروەها ئاماژەی بەوەیش کردووە کە کۆنسولی گشتیی ئەمریکا پابەندبوونی راوێژکارانی سەربازیی ئەمریکای بۆ پێشخستن و سەرکەوتنی زیاتری پڕۆسەی رێفۆرمی سەربازیی دووپاتکردووەتەوە و رایگەیاندووە "ھەوڵەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ چاکسازیی لای ئێمە جێی بایەخترینە".
راگەیەنراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە هێمای بۆ ئەوەیش کردووە کە رۆبەرت پالەدینۆ ئاماژەی بەوە کردووە کە مێژووێکی درێژی دۆستایەتی و ھاوپەیمانییان لەگەڵ کورد ھەیە و ئایندەی ھەردوولا گەشە.