Nuri Aydın
05 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 06 مای,س 2022
مینسک - AA
سەرکۆماری بێلاڕووس، ئەلێکساندر لوکاشینکۆ رایگەیاند، جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا لەوە زیاتری خایاند کە چاوەڕوان دەکرا.
ئەلێکساندر لوکاشینکۆ لەبارەی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا بە "Associated Press"ی راگەیاند کە چاوەڕوانیان نەدەکرد "ئۆپەراسیۆن"ی رووسیا لە ئۆکراینا هێندە بخایەنێت و بۆ ئەوەی کۆتاییش بە جەنگ بێت چی لە توانایاندا بێت ئەنجامی دەدەن.
سەرکۆماری بێلاڕووس، ئەلێکساندر لوکاشینکۆ لە هەمبەر داکۆکیکردنی رووسیا لەو جەنگەی لە ئۆکراینا هەڵی گیرساندووە گوتی: "هێندە رۆنەچوومە ناو ئەو پرسە تا بڵێم وەک ئەوەی من هەستی پێ دەکەم دەڕوات (زۆر دەخایەنێت) یان وەک ئەوەی رووسیاییەکان دەیڵێن بەو شێوەیەی بەرنامەی بۆ داندراوە ئەنجام دەدرێت، هەست دەکەم ئەو ئۆپەراسیۆنە زۆری خایاند".
ئەلێکساندر لوکاشینکۆ باسی لەوە کرد کە ئۆکراینا رووسیای دنەداوە، بەڵام بێلاڕووس لەگەڵ ئاشتیدایە و گوتی: "بێ چەند و چوون هیچ جەنگێک قبوڵ ناکەین و ئەوەی لە تواناماندا بێت دەیکەین و کردوومانە بۆ رێگەگرتن لە جەنگ. بەهۆی ئێوە و منەوە دانوستانەکانی نێوان ئۆکراینا و رووسیا دەستیان پێ کرد، بەڵام ئۆکراینا کە لە خاکی خۆی بەکردەیی بەردەوامی بە جەنگ دەدات، بۆچی جموجۆڵی سەربازی دەکات، بۆچی مرۆڤەکان دەکوژرێن و بۆچی ئۆکراینا گرنگی بە دانوستانەکان نادات؟".
سەرکۆماری بێلاڕووس جەختی لەوە کردەوە کە ئەو مانۆڕە سەربازییانەی دوێنێ سوپاکەی وڵاتەکەی دەستی پێ کردووە هەڕەشە نییە بۆسەر کەس و گوتی: "دەزانین کێ لە دژمان دەوەستێتەوە بۆ ئەوەی رێگە لەو جۆرە پێکدادانانە بگرین هەڕەشە ناکەین. هەڵگیرسانی جەنگ لێرە (لە خۆرئاوا) بە دڵنیایییەوە لە بەرژەوەندی بێلاڕووسدا نییە. خۆرئاوا دەتوانێت لەنێو ئارامیدا بخەوێت".
ئەلێکساندر لوکاشینکۆ جەختی لەوە کردەوە کە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی 'قبوڵکراو' نییە و باسی لەوە کرد کە ناتوانێت بڵێت رووسیا پلانی لەو جۆرەی هەیە، یاخود نا.