Abdullah Shukur
19 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 20 تشرینی یەکەم 2018
واشنتۆن- AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ دەنگۆی گوێبیستبوونی تۆماری دەنگی یان نیشاندانی گرتەی ڤیدیۆیی بە وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی، مایک پۆمپیۆ لەبارەی چارەنووسی رۆژنامەنووسی سعوودی، جەمال خاشقچی بەدرۆ خستەوە.
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر وەڵامی دەنگۆییەکانی گوێبیستبوونی تۆماری دەنگی لە لایەن پۆمپیۆ لەبارەی خاشقچی دایەوە.
ترەمپ گوتی: "لەبارەی رووداوەکەی کۆنسولخانەی سعوودیە، نە گرتەی ڤیدیۆی نیشانی پۆمپیۆ دراوە نە پێیدراوە".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ لەمیانی سەردانەکەی بۆ مەکسیک لەمبارەیەوە گوتی: "لە تورکیا لەبارەی رووداوەکەی خاشقچی گوێبیستی ھیچ تۆمارێکی دەنگی نەبوومە".
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو لەبارەی رووداوی پەیوەندیدار بە جەمال خاشقچی گوتبووی: "ئەو ئەنجامەی کە بەدەستمان دەگات بە گشت جیھانی رادەگەیەنین. پێنەدانی ئەو ئەنجامانە بە ھەر وڵاتێک جێگەی باس نییە. پێدانی ھەر تۆمارێکی دەنگی بە پۆمپیۆ یان بە ھەر بەرپرسێکی دیکەی ئەمریکا جێگەی باس نییە".
پێشتریش سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە چارەنووسی رۆژنامەوانی سعوودی، جەمال خاشقچی، رایگەیاندبوو: "ئەگەر بێت و موعجیزەیەکی گەورە روونەدات، ئەوا ئەو مردووە. ئەمە پشت بە سەرجەم زانیارییە ھەواڵگرییەکان دەبەستێت کە ھاتوون".