Mazın Asad
05 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 06 کانوونی دووەم 2018
پاریس - AA
سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن و سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشیان ساز کرد.
ئیمانوێل ماکرۆن ئاماژەی بەوە دا کە لە نێوان تورکیا و فەڕەنسا پەیوەندییەکی دێرین، بەھێز و نزیک ھەیە و راشیگەیاند لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەردۆغان پرسە ھاوبەشەکان و بابەتەکانی دوو قۆڵی و ناوچەیی تاوتوێ کراوە.
سەرکۆماری فەڕەنسا راشیگەیاند بوونی تورکیا لە نێو ناتۆ و جارنامەی مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا، پەیوەندی نێوان ھەردوو وڵاتی بەھێزتر کردووە.
ماکرۆن روونیشی کردەوە کە خاڵی ھاوبەش لە نێوان تورکیا و فەڕەنسا ھەیە و گوتیشی: "لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا خاوەن ھەماھەنگییەکی باشین (لەگەڵ تورکیا). پێکەوە درێژە بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەدەین".
سەرکۆماری فەڕەنسا جەختی لەوەش کردەوە کە لەبارەی گرنگی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر خاوەن ھەمان بیروڕایە لەگەڵ ئەردۆغان و گوتیشی: "لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی تۆڕەکانی دەستەبەرکردنی دارایی بۆ پەکەکە کە ئەو رێکخراوە لە فەڕەنسا وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی قبووڵکراوە، رێوشوێنی پێویست دەگرینەبەر".
ئیمانوێل ماکرۆن ئاماژەی بەوەش دا کە بەھۆی شەڕی ناوخۆی سووریادا تورکیا مێوانداری لە سێ ملیۆن پەنابەر دەکات و راشیگەیاند ھەر کاتێک شەری دژ بە رێکخراوی تیرۆریستی داعش سەربکەوێت، ئەوکات سەقامگیری لە سووریا دەستەبەر دەکرێت.
لەبارەی پرسی سووریا، ماکرۆن رایگەیاند لە رووی سیاسییەوە بەھۆی ئەوەی تاکلایەنانەیە، کۆبوونەوەکانی ئاستانا و سۆچی ئەو پرسە بۆ ئەنجامێک نابات.
سەرکۆماری فەڕەنسا لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد کە ئاگاداری دۆخی ئێستای تورکیایە و بۆیە رێزی لێدەگرێت و گوتیشی: "ئاگادارم کە سەرکۆمار ئەردۆغان لە چیرۆکی ژیانی و لە رابردوو رووبەڕووی بێبەشی ئازادییەکان بووبووەوە".
ماکرۆن ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەورووپا کرد و رایگەیاند: "پێویستە دووفاقی لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەورووپا دەربکرێت".
سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن گوتیشی: "وەک فەڕەنسا بە پێویستی دەزانین ئایندەی تورکیا و گەلی تورکیا لەگەڵ ئەورووپادا بێت".