Zana Natık Kerem
18 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 19 کانوونی دووەم 2021
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگهیاند: "لەگەڵ وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار ھاوڕابووین لەسەر گرنگی کۆتاییھێنان بە ھەڕەشە تیرۆریستییەکان لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان ھەردوو وڵات".
وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی کۆبووە.
بەپێی راگەیەنراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا، سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر گفتوگۆکراوە و ھەروەھا پتەوترکردنی ھاوکارییە سەربازییەکانی نێوان عێراق و تورکیا تاوتوێکراوە.
مستەفا کازمی لە کۆبوونەوەکەدا جەختیکردووەتەوە لەسەر گرنگی جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنانەی کە لە سەردانەکەی بۆ تورکیا لە نێوان ھەردووڵات، ئهنجامدراون.
ئاماژە بەوەشدراوە کە لە کۆبوونەوەکەدا کازمی باسی لە گرنگی پابەندبوونی تورکیا بە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی سەبارەت بە وەبەرھێنان لە عێراق کردووە.
لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەخراوەتەڕوو کە لە کۆبوونەوەکەدا مستەفا کازمی جەختیکردووەتەوە لەسەر ئەوەی عێراق ھەر ھەڕەشە و ھێرشێکی تیرۆریستی ئەگەر لە خاکی عێراقەوە بکرێتە سەر تورکیا رەت دەکاتەوە و رایگەیاندووە کە عێراق توانای ھەیە کۆتایی بەو ھەڕەشانە بھێنێت.
باس لەوەشکراوە کە ھەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی گوتوویەتی: "دهتوانرێت ھێزە ئەمنییەکانی عێراق لە ھەموو خاڵێکی سنووری خاکی عێراق جێگیربكرێن".
بەپێی راگەیەنراوەکە کازمی وێرای ئاماژەدان بە گرنگی ھاوکاریی سەربازیی نێوان عێراق و تورکیا، ھەروەھا رایگەیاندووە سوپای عێراق بە یارمەتیی برایانی تورکیا و پەیمانی ناتۆ بەردهوامە لە بەھێزکردنی تواناکانی.
لە راگەیەنراوەکە ئاماژە بەوەیشدراوە کە لای خۆیەوە وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار لە کۆبوونەوەکەدا، ھیوای خواستووە کە حکوومەتی عێراق لە ئەرکەکانی سەرکەوتوو بێت و ھەروەھا ئامادەیی سوپای تورکیای نیشانداوە بۆ ئەوەی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، مەشق و راھێنان و ئەنجامدانی مانۆری سەربازیی ھاوبەش پاڵپشتی و راوێژ پێشکەش سوپای عێراق بکات.
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا ھاتووە: "لە کۆبوونەوەکەدا، ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر ئەوەی گرنگە گرنگی کۆتایی بھێندرێت بە ھەڕەشە تیرۆریستییەکان لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان عێراق و تورکیا، چونکە سەقامگیری لەو ناوچانە دەرفەتی زیاتر لە بەردەم ھاوکارییەکانی نێوان ھەردوو وڵات دەڕهخسێنێت کە دەبێتە مایەی پاڵپشتیکردن، گەشەپێدان و پێشکەوتن لە نێوان ھەردوو گەلی دۆستی عێراق و تورکیا".
ئەمڕۆ دووشەممە وەزیری بەرگری تورکیا، خولوسی ئاکار و سوپاسالاری تورکیا، یاشار گولەر بە سەردانێکی فەرمی گەیشتنە بەغدای پایتەختی عێراق.