Muhammed Semiz
26 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 26 تشرینی دووەم 2021
لوکسۆر - AA
لە شاری لوکسور لە باشووری میسر، رێورەسمێک بۆ کردنەوەی رێگای ئەلکەباش (رێگای ئەبولھۆل) کە دوو پەرستگای بەناوبانگی فیرعەونییەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی سێ ھەزار پێش زایین، ئەنجامدرا.
تەلەفیزیۆنی فەرمیی میسر، رێورەسمی کردنەوەی رێرەوی مێژوویی ئەلکەباش (رێگای ئەبولھۆل) کە پەرستگاکانی کەرنەک و لوکسۆر بەیەکەوە دەبەستێت و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دێرینی میسر و درێژایەکەی دوو ھەزار و ٧٠٠ مەتر دەبێت، لە رێگەی پەخشی راستەوخۆوە گواستەوە.
رێورەسمی کردنەوەی ئەو رێرەوە مێژووییە کە دوای کنە و پشکنینێکی دوور و درێژی شوێنەوارناسان بەدەرکەوت بە ئامادەبوونی سەرکۆماری میسر، عەبدولفەتاح سیسی، چەند وەزیرێکی میسر، باڵیۆزی وڵاتانی بیانی، دامەزراوە مێدیا نێودەوڵەتییەکان و ھونەرمەندان بەڕێوەچوو.
لە رێورەسمەکەدا، مۆسیقای سەردەمی فیرعەونەکان و بە بەکارھێنانی ئامێری مۆسیقی سەردەمی کۆنی میسر لەلایەن ئۆرکێسترایەکی گەورەوە لێدرا.
پاشماوەکانی رێگای ئەلکەباش (رێگای ئەبولھۆل)، کە گەورەترین شوێنەواری کراوەی جیھانە و ھەردوو پەرستگای کەرنەک و لوکسور کە لەسەردەمی فیرعەونەکان درووستکراون بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٤٨دا دۆزرایەوە.
میسر، لە ساڵی ٢٠٠٥دا دەستی بە کاری نۆژەنکردنەوەی ئەو رێگایە کرد کە درێژایەکەی نزیکەی سێ کیلۆمەتر دەبێت و لە ھەردوو بەری رێگاکەش ھەزار و ٢٠٠ پەیکەری مرۆڤ بەسەری بەرانەوە دانراوە.