Hawkar Yaseen
09 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 09 تشرینی دووەم 2020
هەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بە سەردانێکی فەرمی بەرەو ئەورووپا بەڕێکەوت.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە گەشتەکەیدا سەردانی چەند وڵاتێکی ئەورووپی دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتانەدا کۆدەبێتەوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەکانیدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییە دیپلوماسییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەورووپا بەتایبەت لە بواری ئابووریدا دەکات.
لە راگەیەنراوەکەدا هیچ ئاماژەیەک بە ناوی ئەو وڵاتانە نەکراوە کە ئامانجی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانە و تێدا هاتووە: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵ دەدات سوود لە شارەزایی و تواناکانی وڵاتانی ئەورووپا وەربگرێت بۆ پەرەپێدانی دۆخی ئابووریی و گەشەپێدانی وەبەرهێنان و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان".