Hawkar Yaseen
26 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 27 ئەیلوول 2021
هەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە هەولێر، پێشوازیی کرد لە وەزیری بازرگانیی تورکیا، محەمەد مووش و شاندی یاوەریی.
لە دیدارەکەدا، هەریەک لە وەزیری بازرگانیی هەرێمی کوردستان، کەمال موسلیم و وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان، دارا رەشید و سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی و جێگری وەزیری بازرگانیی تورکیا، رەزا توناتورەگای و باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، عەلی رەزا گونای و کۆنسولی گشتیی تورکیا لە هەولێر، هاکان کاراچای و ژمارەیەک لە پیاوانی کاری تورکی بەشداربوون.
لە کۆبوونەوەکەدا، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی و سەرمایەگوزاریی تورکی لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا.
ئێوارەی دوێنێ دوای سەردانەکەی بۆ بەغدا، وەزیری بازرگانیی تورکیا، محەمەد مووش لەڕێگای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەلایەن وەزیری بازرگانیی و پیشەسازیی هەرێم، کەمال موسلیم پێشوازی لێکرا، ئەمڕۆش لە هەولێر لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، بڕیاریشە لەگەڵ وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ئایدن مەعروف دیداری هەبێت.
ھاوکات بڕیاروایە وەزیری بازرگانیی تورکیا، محەمەد مووش لە بەشێکی سەردانەکەیدا، بەشداری بکات لە دیداری کاریی تورکیا-عێراق کە بە بەشداری پیاوانی کاریی تورکیا و عێراق لە هەولێر بەڕێوەدەچێت.
وەزیری بارزگانیی تورکیا، محەمەد مووش لە کاتی وەرگرتنی ئەرکی وەزارەتی بازرگانییەوە لە چوارچێوەی ئەو گرنگییەی کە دراوە بە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق، بۆ دووەمجارە سەردانی عێراق دەکات، پێشتر لە ١٨ی ئابی رابردوودا، سەردانی بەغدای کردبوو و لەگەڵ سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح و سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی و ھاوتاکەی عەلا جبوری و وەزیری گواستنەوە، ناسر حوسێن بەندەر شبلی کۆبووبووەوە و دوێنێش بە سەردانێک گەیشتە ھەرێمی کوردستان.