Ramal Mahmood
11 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 13 کانوونی یەکەم 2016
ئابودجە - AA
لەئاکامی رووخانی سەقفی کڵێسایەک لە ویلایەتی ئاکوا - ئیبۆم، بەلانیکەمەوە ١٦٠ کەس گیانیان لەدەست دا.
بەپێی راگەیاندنەکانی نێجیریا، لە شاری ئیۆی پایتەختی ویلایەتی ئاکوا – ئیبۆم، لەکاتێکدا سەدان کەس بۆ بەشداریکردن لە رێورەسمێکی ئایینی کۆببوونەوە، سەقفی کڵێسەی Reigners Bible لە شاری ئیۆی پایتەختی ویلایەتی ئاکوا – ئیبۆم رووخا.
سەرۆکی پزیشکانی نەخۆشخانەی فێرکاری ئیۆ، پڕۆفیسۆر ئەتیتە پەتەرس رایگەیاند کە دوای رووداوەکە تەرمی ١٦٠ کەس هێنراوەتە نەخۆشخانەکە. نیگەرانی خۆیشی دەربڕی لەوەی ژمارەی قوربانیان لەوەش زیاتر بەرزببێتەوە.
قەشە ئاکان ویکس رایگەیاند ئەو کڵێسایە کە هێشتا تەواو نەکراوە، سەقفەکەی رووخاوە و لە ئاکامدا نزیکەی ٢٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و، گوتی: "ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون بۆ چەند نەخۆشخانەیەکی جیاواز گوێزرانەوە".
تیمەکانی پشکنین و رزگارکردن هێشتا بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ رزگارکردنی برینداران و دەرهێنانی تەرمی قوربانیان. لە کاتی رووخانی سەقفە کانزاییەکە فەرمانڕەوای ویلایەتی ئاکوا-ئیبۆم، ئیدۆم ئەمانوێل لەناو کڵیساکە بووە، بەڵام ناوبراو لە رووداوەکەدا بێ ئەوەی بریندار بێت رزگاری بووە.
گوتەبێژی ویلایەتەکە ئەکەتەرە ئدۆه رایگەیاند کە ئیدارەی ویلایەتەکە دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە لەبارەی رووداوەکە.